سەردێڕ:

بەرزترین پەیکەر لە جیهاندا دروستکرا

پەیکەری ساردار ڤالابای پاتێل یەکێك لە سەرکردەکانی هیندستان
فۆتۆ: ئەرشیف
2018-10-31

9809 جار خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ ٣١ی تشرینی یەکەم پەردە لەسەر بەرزترین پەیکەری جیهان لابرا، کە پەیکەرێکە بۆ سەرکردەیەکی هیندستان بەناوی (ساردار ڤالابای پاتێل) (١٨٧٥-١٩٥٠) دروستکراوە.

ماڵەڕی ڕوسیا تودەی بڵاویکردەوە، پەیکەرەکە بەرزییەکەی ١٨٢ مەتر دەبێت و ناوی " یەکگرتن"ی لێنراوە ولەسەر شێوەی (ساردار ڤالابای پاتێل) دروستکراوە کە یەکێکە لە بنیادنەرانی وڵاتی هیندستان کە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی هیندستان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا لەناو هیندییەکاندا بەرزڕادەگیرێت.

ئەم پەیکەرە بەرزیەکەی ١٨٢ مەترە و تێچووەکەی گەیشتووەتە نزیکەی ٤٣٠ ملیۆن دۆلار و بە مادەی بڕۆنز داپۆشراوە، لەسەر سەکۆیەك دانراوە کە بەرزییەکەی ٥٨ مەتر دەبێت. یەکێکە لە پڕۆژەکانی نارێندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان کە هەولێکی زۆریداوە بۆ جێبەجێکردنی.

لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەست بە بنیادنانی ئەم پەیکەرە کراوە، هاوکات بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی دوو هێندەی پەیکەری ئازادی لە ئەمریکا کە بەرزییەکەی ٤٦ مەترە.

حکومەتی وڵاتەکە هیواخوازە بەهۆی پەیکەرەکەوە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار ڕوو لە ویلایەتی (گوجارات)ی ڕۆژئاوای وڵاتەکە بکەن کە ٢٠٠ کیلۆمەتر لە شاری ئەحمەد ئابادی پایتەختی ئەو ویلایەتەوە دوورە.