سەردێڕ:

ژنێكی مه‌سیحيی سزای له‌سێداره‌دانی له‌سه‌ر لابرا

بە تۆمەتی
ئاسیا بیبی؛ پێڕەوکارێکی ئایینی مەسیحییە و خاوەنی چوار منداڵە
فۆتۆ: بی بی سی
2018-10-31

8968 جار خوێندراوەتەوە

دوای ھەشت ساڵ مانەوەی لە زینداندا بە تۆمەتی ناوزڕاندنی پەیامبەری ئیسلام؛ دادگایەکی پاکستان سزای لەسێدارەدانی ئاسیا بیبی لابرد.

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەری بی بی سی؛ سزای لەسێدارەدان و بڕیاری ئازادکردنی ئاسیا بۆتە پرسێکی جێمشتومڕ بۆ پاکستان و تاوەکو ئێستا دوو کەسی سیاسیی تیرۆرکراون کاتێک ویستوویانە ھاوکاری ئاسیا بکەن و رەخنە لە یاسای کفر لە وڵاتەدا بگرن.

ئەمڕۆ پاش دەرکردنی بڕیاری ئازادکردنی، لە چەند شارێکی پاکستان زنجیرەیەک خۆپیشاندان رێخکران و ناڕەزایەتی لایەنە توندڕەوەکانی لێکەوتەوە. لە بڕیارەکەی دادگای باڵای پاکستاندا ھاتووە؛ بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەئارادا نییە کە تۆمەتبار ئەو تاوانەی ئەنجام دابێت، بۆیە ئەگەر ھیچ تۆمەتێکی دیکەی لەسەر نەبێت ئەوا دەبێت ئازاد بکرێت. 

ئاسیا بیبی؛ پێڕەوکارێکی ئایینی مەسیحییە و خاوەنی چوار منداڵە؛ لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە ئەو باوەڕ ناکات ھەواڵەکە راست بێت و ئازاد کرابێت. لەلایەکی ترەوە پارێزەری ئاسیا؛ باسیلەوەکرد لەبەر ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی، چیتر ئەو ناتوانێت لە پاکستان بژیت. 

 

 
 پاش دەرکردنی بڕیاری ئازادکردنی ئاسیا، لە چەند شارێکی پاکستان  زنجیرەیەک خۆپیشاندان رێخکران 

 

ساڵی ٢٠٠٩دا لە میانەی شەڕە قسەی نێوان ئاسیا و چەند ژنێکی دیکە لە گوندەکەی خۆیان، ئاسیا بە جنێودان بە پەیامبەری ئیسلام تۆمەتبار دەکرێت. ھەرچەندە ئەو ھەمیشە بێتاوانی خۆی دووپاتکردۆتەوە، بەڵام دوای ئەوەی لە ماڵەکەی خۆیدا ھێرشی دەکەنە سەر و لێیدەدەن؛ داندەنێت بە تۆمەتەکەدا و دواتر دەستگیردەکرێت.

پاش سزادانی ئاسیا، چالاکوان و داکۆکیکاران رەخنەیان لە یاسای کفری پاکستان گرتووە بەوەی توندە و زۆرجار بە ھەڵە دژی کەمینەکانی وەک جڤادی ئەحمەدی و مەسیحییەکان بەکاردێت. بەپێی یاسای کفری پاکستان؛ "کفرکردن دژی محەمەدی پەیامبەری ئیسلام بە لەسێدارەدان یان زیندانی ھەتاھەتایی سزا دەدرێت".

ئاسیا بیبی؛ یەکەم ژن بوو کە ئەم سزایەی بەسەردا بسەپێت. ھەرچەندە تاوەکو ئێستا ھیچ کەسێک لەسێدارەنەدراوە بەم یاسایە، بەڵام چەندین کەس پاش تۆمەتبارکردنیان بە کفر، بە ئاشکرا تیرۆرکراون .