سەردێڕ:

ئەحمەد حاجی ڕەشید: عێراق ناردنی ٣١٧ ملیار دینارەکەی ھەرێم ڕادەگرێت

ئەحمەد حاجى رەشید، ئەندامى پەرلەمانى عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-10-29

56764 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کرد، لە کۆتایی ئەمساڵدا حکومەتی عێراق ناردنی ٣١٧ ملیار دینارەکەی ھەرێم ڕادەگرێت و، دەشڵێت، "لە سەرەتای ساڵەوە کار بە بودجەی ٢٠١٩ی عێراق دەکرێت".

لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، "لە کۆتایی ئەمساڵدا، واتە لە ٣١-١٢-٢٠١٨ ناردنی ٣١٧ ملیار دینارەکەی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان ڕادەگیرێت."

ڕوونیشیکردەوە، "ئەو بڕە پارەیە تەنیا بۆ ساڵی ٢٠١٨ بوو، بۆیە لە سەرەتای ساڵەوە کار بە بودجەی ٢٠١٩ی عێراق دەکرێت و بەگوێرەی ماددەکانی ناو بودجە و ڕێککەوتنی تازەی نێوان ھەرێم و بەغدا بەشە بودجە ڕەوانەی ھەرێم دەکرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ڕەشنووسی بودجەی گشتی عێراق، لە بەرامبەر پێدانی ١٢%ی پشکی ھەرێم لە بودجەدا، حکومەتی ھەرێم پابەندکراوە بە ڕادەستکردنی تەواوی داھاتی خاڵە گومرگییەکان و ناردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەوەشی خستەڕوو، "ناردنی ٣١٧ ملیار دینارەکەی عێراق و پشکی کورد لە بودجەی گشتی عێراق، پێویستی بە ڕێککەوتنی تازەی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە."

دوای بڕینی بەشە بودجەی ھەرێم لە سەردەمی سەرۆکایەتی نوری مالیکی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕی ٣١٧ ملیار دینار وەک بەشێک لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی ھەرێم بکات.

ف.ب

 

‌بەپەلە