سەردێڕ:

یەکتربینینی سەرۆکی حکومەت و گۆرانیبێژێک کاردانەوەی لێکەوتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیف
2018-10-29

48025 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پێشوازیکردنی لە گۆرانیبێژ نەڤید زەردی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی رەخنە بوویەوە. هەندێک لە هونەرمەندان ئاسایی وەرەیدەگرن و هەندێکێش رەخنەی لێدەگرن و پێیانوایە کە سەرۆکی حکومەت جیاوازی دەکات لە نێوان هونەرمەنداندا.

ئەو رەخنەو ناڕەزاییەی بەشێک لەهونەرمەندان بۆ ئەوە نییە کە حکومەت گرنگی بەهونەر و هونەرمەندان نەدات، بەڵکو وەک خۆیان دەڵێن لەو رەوانگەیەوەیە کە سەرۆکی حکومەت جیاوازی دەکات و بەپێی پێویست و شارەزایی و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو کایەیەدا نەکردووە. گۆرانیبێژ هێمن حەمید لە پۆستێکدا نوسیویەتی "زۆر لەمێژە هیواخوازی ئەوەم ڕۆژێک هونەرمەندێک بانگهێشت بکەیتە لای خۆت، بەڵام دوای ئەو هەموو چاوەڕوانیەم ( هونەر...)یەکت هەڵبژارد، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێوە چەند لەهونەر تێگەشتوون ئەوەندەش لە سیاسەت".

 

موزیکژەن سەرکەژ فەرەج یەکێکی ترە لەو هونەرمەندانەی کە رەخنەی لەو پێشوازییەی سەرۆکی حکومەت گرتووە و پێیوایە دەکرێت سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کەسانی بەئەزموون و ماندووبکات لەوبوارەدا و نوسیویەتی " جەنابیان دەیانتوانی کەسانی زۆر باش لەو بوارە و مامۆستای زۆرباشی موزیک ببینن و بپرسن ئەرێ ئاستی هونەری بۆوا شڵەقاوە"

 

ئەو پێشوازیکردنە تەنیا لەناو هونەرمەنداندا نەبووە جێی نارەزایی، بەڵکو چەندین کەس رەخنەی ئەوەیان گرت کە بۆ ئەوان وەک کەسوکاری شەهیدان ناتوانن سەرۆکی حکومەت ببینن. هاوڵاتییەک بەناوی مستەفا جەرجیس نیگەرانە لەو پێشوازیکردنەو لە پۆستێکدا نوسیویەتی "دیارە نەوید زەردی لەئێمە پارتی ترەو لەئێمە دڵسۆزترە. کاتێک وێنەی ئاوا دەبینم نەفرەت لەوانەدەکەم کە نەویدیان بردۆتە لای جەنابی سەرۆکی حکومەت و کەسانی دڵسۆزیان پشتگوێ خستووە".

 

بەرامبەر ئەو رەخنانەشدا هەندێک پێشوازیکردنی سەرۆکی حکومەت لە گۆرانیبێژێک بە شتێکی ئاسایی دەزانن و پێیانوایە شتێکی ئاساییەو لە وڵاتانی دنیا دەسەڵات زۆر گرنگی بە هونەر و هونەرمەندان دەدات و هونەریش وەک هەموو کایەکانی تر شایەنی گرنگیپێدانە. نوسەر پیران ئەمیر لە وتارێکدا نوسیویەتی "بێگومان لە ئاستی باڵای هەموو حکومەتێک، هونەر و وەرزش گرنگی زۆریان پێدەدرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی کاریگەری ئەو دوو پیشەیە کە بە زمانی هاوبەشی نێوان گەل و نەتەوەکان دادەنرێت و توێژی گه‌نجان هه‌میشه‌ له‌ ده‌وری ئه‌و دوو پیشه‌یه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی ژیر، ده‌بێ ڕێز له‌ هه‌ر به‌هایه‌ك بگرێ كه‌ گه‌نج به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌. هەموومان بینیمان لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی سوید، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەپاش دیدار و گفتوگۆ فەرمییەکان، سەردانی هونەرمەند "زەکەریا عەبدوڵا"ی لە ماڵەکەی خۆیدا کرد".

 

رۆژی شەممە (٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) گۆرانیبێژ نەڤید زەردی وێنەی خۆی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی و دەستخۆشی لێکردووە و دەڵێت " نەجابەتی خۆی نواند بۆ تەواوی ھونەری رەسەنی کوردی و ھەمو نوێخوازییەک لە ھونەری کوردی و سەرسامی بۆ بەندە جێی شانازییە".

Image may contain: 2 people, people smiling, indoor

 

نەڤید زەردی گۆرانیبێژێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، چەند ساڵێکە بەگۆرانییەکانی ناوبانگێکی زۆری لەناو گەنجاندا پەیداکردووە و هەوادارێکی زۆری هەیە، جگە لە سازکردنی کۆنسێرتی گۆرانی و موزیک، چەندین ڤیدیۆکلیپ و گۆرانی تۆمارکراوی هەیە.

ش.ق