سەردێڕ:

ئیمارات مانگێکى دەستکردى رەوانەى ئاسمان کرد

ساتەوەختى هەڵدانى "خەلیفەسات" بۆ ئاسمان
فۆتۆ: سکاى نیوز عەرەبیە
2018-10-29

1872 جار خوێندراوەتەوە

دەوڵەتى ئیماراتى عەرەبى مانگێکى دەستکردى بەناوى"خەلیفەسات" لە ژاپۆنەوە بەرەو بۆشایى ئاسمان نارد کە بەرهەمێنراوى ئیمارات خۆیەتى.

دروستکردنى ئەو مانگە دەستکردە چوار ساڵى خایاندووە لە ئامادەکردن و راهێنانى تیمى کارەکەى لە سەنتەرى محەمەد راشدى ئاسمانى.

"خەلیفەسات" یەکەم مانگى دەستکردە لەناو ژوور و تاقیگەکانى سەنتەرى محەمەد راشد گەشەى پێ دەدرێت.

مانگەکە وێنەى کوالیتى بەرز و روون پێشکەش دەکات و بوار بە ئیمارات دەدات لەسەر ئاستى جیهان لە پیشکەشکردنى  وێنەى ئاسمانى کێبڕکێ بکات.

جێگرى سەرۆکى دەوڵەتى ئیمارات محەمەد راشد رایگەیاند،" هەڵدانى "خەلیفەسات" بۆ ئاسمان رۆژێکى مێژووى نوێیە بۆ ئیمارات، کە مانگێکى دەستکردى دروستکراوى عەرەبییە و %١٠٠ ئیماراتیە".

ئاماژەى بەوەشکرد، هەڵدانى ئەو مانگە دەستکردە، وێستگەیەکى نیشتیمانییە کە رۆڵەکانى ئیمارات توانا و پێگەیشتن و ئاستى زانستى خۆیان تیادا سەلماند و پێشبڕکێى جیهانیان کرد،"ئەمرۆ سەرمان بەرزە و لە ئاسمانە".

لاى خۆشیەوە، شازادەى جێنشینى ئەبوزەبى و جێگرى فەرماندەیى باڵاى هێزە چەکدارەکان، محەمەد زاید جەختیکردەوە، هەڵدانى خەلیفەسات " دەستکەوتێکى ئیماراتى بێ پێشینەیە کە بەدەست و بازوى خۆى بەرهەم هاتووە".

ئەوەشى خستەروو،"خەونى ئێمە بۆ دەست لەملان بوونمان لەگەڵ ئاسمان بوو بە حەقیقەت کە گەنجانى ئیمارات دروستیان کرد و قۆناغێکى نوێى تەحەداى زانستییان نوسییەوە" ، وتیشى" شانازى بە گەنجانى ئیماراتەوە دەکەین کە سەلماندیان عەرەب دەتوانن پێشبڕکێ بکەن و پێشەنگ بن".

س.س