سەردێڕ:

پەرلەمانی ئێران تیمێکی ئابوری نوێی پەسەند کرد

پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-10-28

1373 جار خوێندراوەتەوە

پێش چەند رۆژێک لە جێبەجێکردنی زنجیرەی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پەرلەمانی ئەو وڵاتە چوار وەزیری پەسەند کرد وەک رێکخستنەوەی تیمی ئابوری حکومەتدا.

رۆژی شەممە (٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)، پەرلەمانی ئێران بە ئامادەبوونی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە و تیایدا لە وتارێکدا باسی لەوەکرد "لەنێوان هاوپەیمانەکانماندا واشنتۆن بە گۆشەگیری رووبەڕوومان دەبێتەوە."

لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانی ئێران فەرهاد دژپەسەندی بە وەزیری نوێی دارایی و ئابوری هەڵبژارد، هەروەها محەمەد شەریعەتوەندی بە وەزیری هەماهەنگی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەڵبژارد، هاوکات محەمەد ئیسلامی بە وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدان و رەزا رەحمانیش بە وەزیری پیشەسازی و بازرگانی هەڵبژێردران.

رۆحانی ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ئەمریکا بڕیارێک دەدات، هاوپەیمانە دێرینەکانی ئێران رووبەڕووی دەبنەوە کە زۆر جار شتی لەم جۆرە روونادات، "ئەمریکا؛ دوژمنی سەرەکیمان بە شمشێرێکی ئامادە رووبەروومان دەبێتەوە و دەبێت دژی بجەنگین."

دووپاتیکردەوە "روسیا، چین، هیندستان، یەکێتی ئەوروپا و هەندێک وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین هاوڕێمانن و پێویستە کاریان لەگەڵدا بکەین و سەرنجیان بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتدا رابکێشین."

پەسەندکردنی ئەم تیمە نوێیە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پێش ئەوە دێت کە تەنیا چەند رۆێکی ماوە زنجیرەی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی قۆناغی دووەمی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لێدوانە توندەکان دژ بە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە زیاتر دەبن بەوەی بەردەوام پشتگیریی لە تیرۆر دەکات و هەڕەشەی بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی دروستکردووە.

هەرچەندە ئەمریکا لەرێگەى سەپاندنى ئەو گەمارۆیانەوە دەیەوێت ئێران لە جیهان داببڕێت تا ناچار بە دانیشتنى بکات لەسەر مێزى دانوستان، بەڵام حەسەن روحانى سەرۆک کۆمارى ئێران دەڵێت، ئەمریکا لەڕوبەڕوبونەوەیدا لەگەڵ ئێران توشى دابڕان بووەتەوە لەناو هاوپەیمانەکانیدا و ئەوروپا لەپاڵ تاراندا وەستاوە و دژى سەپاندنى سزاکانى ئەمریکایە بەسەر وڵاتەکەیدا.

ئەوە لە کاتێکدایە لەدوای سەپاندنی قۆناغی یەکەمی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا لە مانگی ئابی ڕابردوودا، کە ڕێگە لە حکومەتی تاران گیرا دۆلار بکڕێت و بازرگانی بە زێڕ و کانزا بەهاکانەوە بکات، بەهای دراوی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی پێوانەیی دابەزی، ئەوەش وایکرد زۆرێک لە کۆمپانیا بیانییەکان لەو وڵاتە بکشێنەوە تا ئەمریکا نەیانخاتە لیستی ڕەشەوە.

بڕیاریشە لە ٤ ی مانگی داهاتوودا، قۆناغی دووەمی سزاکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە کە بریتیە لە قەدەغەکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازی سروشتی و گەمارۆ خستنە سەر هەناردەى نەوتى ئەو وڵاتە، لەگەڵ ڕاگرتنی سەرجەم مامەڵە داراییەکان لەگەڵ کەرتی بانکیی ئێران و سەرجەم دامەزراوە داراییەکانی.