سەردێڕ:

دواین زانیاری لەسەر زەر و زیانەکانی لافاوەکەی سنوری ئیدارەی ڕاپەرین

لە سنورى باڵەیاتى و بنارى قەندیل ٢٦٥ خانوو روخاون و زیانیان پێگەیشتووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-10-27

2294 جار خوێندراوەتەوە

 لە دوای کۆتایی هاتنی شەپۆلی باران بارین و لافاوەکەى ڕۆژی هەینى بەرەبەرە زیانەکانی لافاوەکە لە سنوری قەزای پشدەر و بناری قەندیل زیاتر دەردەکەون.

لافاوەکە بووە هۆی ڕووخانی زیاتر لە ١٥ خانوو لە گوندی قڕناقە و زیانێکی زۆریش بەر ڕەز و باخ و مێشی هەنگەوانان و تۆڕی ئاوو کارەبا و بەروبومی جوتیاران لەبناری قەندیل گەیشتووە، ئەمە جگە لە ڕوخانی سێ پردى نێوان گوندەکانی بناری قەندیل و ناحیەی سەنگەسەر.

هەر بەهۆى لافاوەکەوە پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی سەلەمون بەتەواوی خاپوربووە و ٥٠ تەن ماسى کە لە پڕۆژەکەدا بووە لەناوچوون، خاوەنى پرۆژەکەش زیانەکان بە ٢٥٠ ملیۆن دینار دەخەمڵێنێت .

زەرەر و زیانەکانی ئەم لافاوە تائێستا بەتەواوەتی نەخەمڵێنراون و تیمە جۆر بەجۆرەکان سەرقاڵی تۆمارکردنی زیانەکانن و بەپێی ئامارەکانى کەشناسیش، لەسنوری قەزای پشدەر زیاتر لە ٥٠ ملیمەتر باران باریوە.

بەکر بایز قایمقایمی پشدەر دەڵێت، لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانتاران لەهەوڵدان بۆ تۆمارکردنی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووان .

جگە لە نەمانی ئاوی خواردنەوە لە بەشێکی گوندەکان، بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی بناری قەندیل لەترسی لافاو گوندەکانیان چۆڵکردوەو ئاوارە بوون و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە گوندەکانیان.

هــ.حــ