سەردێڕ:

خەڵاتی نەقدی تۆپی پێی جامی جیھانی ژنان بۆ دوو ھێندە زیاد دەکرێت

ھەڵبژاردەی ئەمریکا براوەی یەکەمی جامی جیھانی تۆپی پێی ژنان لە ساڵی ٢٠١٥ دا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-10-27

944 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی تۆپی پێی جیھانی (فیفا) رایگەیاند، بڕی خەڵاتی نەقدی تۆپی پێی جامی جیھانی ژنان بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەچاو بڕی خەڵاتی ساڵی ٢٠١٥ بۆ دوو ھێندە زیاد کراوە.

بەگوێرەی بڕیارەکە لەمەودوا براوەی جامی جیھانی تۆپی پێی ژنان چوار ملیۆن دۆلار وەردەگرێت. ھەروەھا کۆی گشتی بڕی خەڵاتەکان کە بەتەواوی ھەڵبژاردە براوەکان دەدرێت لە ١٥ ملیۆن دۆلارەوە زیاد کراوە بۆ ٣٠ ملیۆن دۆلار.

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا رایگەیاندووە، "ئەم بڕیارە پەیامێکی گرنگە بۆ تۆپی پێی ژنان".
ئەوەش لە کاتێکدایە یەکێتی نێودەوڵەتی پیشەیی تۆپی پێ رەخنەی لەبڕیارەکە گرتووە و رایگەیاندووە، "ھێشتا ئەو بڕە بۆ خەڵاتی جامی جیھانی ژنان وەک پێویست نییە".

کۆی گشتی خەڵاتی نەقدی بۆ تۆپی پێی جامی جیھانی پیاوان لەم ساڵدا کە لەوڵاتی روسیا بەڕێوەچوو، ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، کە بڕی ٣٨ ملیۆن دۆلار وەک براوەی یەکەم بەخشرایە ھەڵبژاردەی فەرەنسا.

جگە لەزیاد کردنی خەڵاتی نەقدی، فیفا سندوقێکی ھاوکاری بۆ پشتیوانیکردن لە تۆپی پێی ژنان دامەزراندووە کە ٢٠ ملیۆن دۆلار سەرمایەکەی دەبێت بۆ گەشتکردن و پرۆڤە و راھێنانی یانەکانی ژنان.

ف.ب

 

‌بەپەلە