سەردێڕ:

بەرپرسێکی سعودی نوێترین زانیاری لەسەر دۆسیەی جەمال خاشقچی ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2018-10-21

24800 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی سعودی بیانووی بۆ لێدوانەکانی پێشتری لێپرسراوانی وڵاتەکەی دەهێنێتەوە، سەبارەت بە چوونە دەرەوەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا و ئاماژەی بەوەکرد، ڕاپۆرتێکی هەڵخەڵەتێنەریان پێدراوە لەلایەن تیمی ئەمنی کونسوڵخانەکەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو لیپرسراوە سعودیەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ یەکشەممە (٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) بڵاویکردەوە، ئەو گێرانەوەی حکومەتی سعودیە پێشتر لەسەر خاشقچی پێشکەشی کردبوو، لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە لەلایەن کەسانی ناوخۆیی وڵاتەکەوە پێشکەشکراوە لەو کاتەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی زانرا راپۆرتەکان درۆ بوون، ڕیاز دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی کردووە لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

ئەو لێپرسراوە سعودیە ئاماژەی بەوەکردووە تیمی ئەمنی ڕاپۆرتێکی هەڵخەڵەتێنەری نوسیووە بۆ سەرۆکەکەیان، کە تیایدا ئاماژەیان بەوە کردووە ڕێگەیان داوە بە خاشقچی کونسوڵخانەکە جێبهێڵێت، کاتێک هەڕەشەی ئەوەی لێکردوون، ئەگەری ئەوە هەیە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەستوەردان بکەن لە دۆخەکەدا، بەو هۆیەشەوە ئەو تیمە دەستبەجێ تورکیایان جێهشتووە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن.

ئەو لێپرسراوە سعودییە ئاشکرایکردووە، مستەفا مەدەنی ئەندامی ئەو تیمە ئەمنییەی کە چونەتە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە ئەستەنبوڵ، جلوبەرگ و چاویلکەی  و کاتژمێرە ئەپڵەکەی خاشقچیی پۆشیوە و لە دەرگای دواوەی کونسوڵخانەکەوە بۆ سەرلێشێواندن چووەتە دەرەوە، بۆ ئەوەی وا نیشان بدرێت کە خاشقچی باڵەخانەی کونسوڵخانەی جێهێشتووە و چووەتە دەرەوە.

بە گوتەی ئەو لێپرسراوە سعودیە مستەفا مەدەنی دواتر چووەتە ناوچەی سوڵتان کە یەکێکە لە ناوچەکانی شاری ئەستەنبوڵ و خۆی لە کەلوپەلەکانی خاشقچی ڕزگار کردووە.

ئەم گێرانەوانەیە نوێترین لێدوانی لێپرسراوانی سعودیەیە سەبارەت بەو ڕوداوانەی تایبەت بە دیارنەمانی جەمال خاشقچی کە ڕوویانداوە، کە لە سەرەتاوە دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕەتیاندەکردەوە خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەیدا بێسەرشوێن کرابێت  و هەموو ئەو هەواڵانەشیان لەو بارەیەوە بە دروستکراو ناودەبرد.

ئەوە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ کە پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ سعودیە ومحەمەد سەلمان شازادەی جێنشین ھەیە رایگەیاند، ئەو نیگەرانە لە نەبوونی زانیاری سەبارەت بە تەرمەکەی خاشقچی.

بەرپرسانی تورکیا بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە، پێدەچێت تەرمەکەی خاشقچی لەدارستانە چڕوپڕەکانی بەلگرادی ھاوسنوری ئیستەنبوڵ  کە ٩٠ کیلۆمەتر لەباشوری ئیستەنبوڵەوە دوورە فڕدرابێت.

دوێنێ شەممە(٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، جەمال خاشقچی بەھۆی شەڕ و دەمەقاڵەوە لەناوکونسوڵخانەکەیاندا لە ئیستەنبوڵ گیانی لەدەستداوە، بێ ئەوەی زانیاری لەبارەی تەرمەکەیەوە بخەنەروو.

خاشقچی لە رۆژی سێشەمە(٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) دوای ئەوەی سەردانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی کرد لە ئیستەنبوڵ بێسەروشوێن بو تائەو ئەکاتەی بەرپرسانی سعودیە ھەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بڵاوکردەوە.

دوێنێش ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری  بەرپرسێکی گەورەی تورکیاوە بڵاویکردەوە تیمی لێکۆڵینەوەی تورکیا لە سەر لێکۆڵینەوەکانی خۆی بەردەوام دەبێت لە دۆسییەی جەمال خاشقچییدا و لە نزیکترین کاتتدا چارەنوسی تەرمەکەی ئاشکرا دەکەن.

ع.م