سەردێڕ:

٢٢٥ گرام مادەی ھۆشبەر لەناو گەدەی کەسێکدا دۆزرایەوە

لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان ٢٢٥ گرام مادەی هۆشبەر لەناوی گەدەی نەخۆشێکدا دۆزرایەوە
فۆتۆ: 
2018-10-20

48871 جار خوێندراوەتەوە

لە نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو گەدەی کەسێکدا ٢٢٥ گرام مادەی هۆشبەر دۆزرایەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

ماڵپەڕی ئیلنا لەزاری حسێن بەراری فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشان بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی لەلایەن تیمەکانی نەخۆشخانەی "ئیمام رەزا" ئاگادار کراونەتەوە سەبارەت بە بوونی مادەیەکی گوماناوی لەناو گەدەی نەخۆشێکدا، بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەستبەجێ هێزەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەکە کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی "ئیمام رەزا" رایانگەیاندووە، رۆژی هەینی (١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) نەخۆشێک بەهۆی بوونی ئێش و ئازار لە بەشی گەدەیدا چووەتە نەخۆشخانەکە و دوای لێکۆڵینەوەی پزیشکی دەرکەوتووە کە ١٣ پاکەتی گوماناوی لەناو گەدەی نەخۆشەکەدا بووە.

فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی کرماشان ئاشکراشیکردووە، دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەسەر نەخۆشەکە، نزیکەی ٢٢٥ گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری تریاک لەناو گەدەیدا دۆزراوەتەوە و دەرهێنراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لێکۆڵینەوە لەو کەسە دەکرێت.

ش.ق