سەردێڕ:

جەستەی مرۆڤ لەڕۆژێکدا چەند پەرداخ ئاوی پێویستە؟

فۆتۆ: 
2018-10-13

4208 جار خوێندراوەتەوە

هەمیشە سەرچاوە تەندروستییەکانی باس لە سوودەکانی ئاو خواردنەوە دەکەن، لەوبارەیەوە راهێنەرێکی رۆشنبیریی تەندروستیی چۆنیەتی ئاوخواردنەوە و کاتەکانی بەشێوازێکی تەندروست دەستنیشانکرد.

لەتیف رەووف راهێنەری رۆشنبیریی تەندروستیی، دەڵێت: بۆ مرۆڤێکی ئاسایی پێگەشتوو لەسەروو ١٨ ساڵەوە، بۆ کێشی ئاسایی کە لە ٧٠ بۆ ٨٠ کیلۆگرامدا بێت، پێویستە لەرۆژێکدا ٨ بەرداخ ئاو بخواتەوە کە دەکاتە دوو لیتر.

لەبەرنامەی بەیانیت باش کوردستان لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، لەتیف رەووف راهێنەری رۆشنبیریی تەندروستیی، ئاماژەی بە شێوەزانستییەکەی چۆنیەتی ئاو خواردنەوە کرد و وتی، "بۆ هەر کیلۆیەک لە کێشی مرۆڤ ٣٠ میلی لیتر ئاو پێویستە، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک کێشی لەشی ٥٠ کیلۆبێت ٥٠ کەڕەتی ٣٠ دەکەیت کەدەکاتە هەزار و ٥٠٠ سیسی میلی لیتر، بەرامبەرە بە یەک لیتر و نیو، ئەگەر کەسێک کێشی ١٠٠ کیلۆ گرام بێت ١٠٠ کەڕەتی ٣٠ دەکەیت، دەکاتە سێ هەزار میلی لیتر واتە سێ لیتر کە بەرامبەرە بە ١٢ پەرداخ ئاو."

لەبارەی چۆنیەتی ئاوخواردنەوە و کاتەکانی ئاو خواردنەوە بەشێوەیەکی تەندروست ئەو راهێنەرە بەمشێوەیە چۆنیەتی کاتەکانی ئاو خواردنەوەی دابەشکرد، "هەشت پەرداخ پێویستی کەسانی ئاساین، بەیانیان پاش لەخەو هەستان پێویستە یەک پەرداخ ئاو بخورێتەوە ، نیو کاتژمێر پێش هەر ژەمێک پێویستە یەک پەرداخ ئاو بخورێتەوە، کاتژمێرێك دوای هەرژەمێک پێویستە یەک پەرداخ ئاو بخورێتەوە، یەک کاتژمێر پێش خەوتنیش پێویستە یەک پەرداخ ئاو بخورێتەوە کە ئەوە مرۆڤ دەپارێزێت لە مەینی خوێن و تووشبوون بەجەڵتە، کۆی گشتی دەکاتە هەشت پەرداخ لە شەو و رۆژێکدا."