سەردێڕ:

بە رێگەیەکی زیرەکانە پڵنگێک لە مردن ڕزگار دەکرێت

ڕزگارکردنی پڵنگێک لە بیرێکدا
فۆتۆ: 
2018-10-11

18447 جار خوێندراوەتەوە

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە، بە ڕێگەیەکی زیرەکانە پڵنگێک لە مردن ڕزگار دەکرێت کە کەوتووەتە بیرێکەوە.

ماڵپەڕی "ئەخبار ٢٤" بڵاویکردووەتەوە کرێکارانی کێڵگەیەک لە یاداففادی هندستان پڵنگێکیان بینوە بەمەبەستی ئاو خواردنەوە و نەمانی تینوێتییەکەی خۆی هەڵداوەتە بیرێکی نزیک ئەو ناوچەیە، بەڵام دواتر پڵنگەکە نەیتوانیوە لە بیرەکە بێتە دەرەوە، هەربۆیە کرێکارەکان بە خێرایی پەیوەندییان بە بەرپرسانی پاراستنی ژیانی ئاژەڵان کردووە بۆ ڕزگارکردنی پڵنگەکە لە خنکان.

هەروەک لە گرتە ڤیدیۆکەدا دیارە کۆمەڵێک کارمەندی ڕێکخراوی "Wildlife SOS" بۆ پاراستنی ئاژەڵان بە خێرایی گەیشتوونەتە شوێنەکە، یەکەمجار لە ڕێگەی پەیژەیەکی دارینەوە کە هەر چوار لاکەی بە گوریس بەسترابوو خراوەتە بیرەکە و پڵنگەکەیان بەرزکردووەتەوە.

پێش ئەوەی پڵنگەکە بهێنرێتە دەرەوە پشتیان بە قەفەسێکی دارین بەستووە تا پڵنگەکە بچێتە ناوی، بۆئەوەی لەکاتی دەرهێنانیدا زیان بە کەس نەگەیەنێت، بە سەرکەوتووانە پڵنگەکەیان لە بیرەکە هێناوەتە دەرەوە.

پزیشکێکی ڤێتەرنەری لە سەنتەری ڕزگارکردنی ژیانی ئاژەڵان وتی "پڵنگەکە توشی شۆکێکی زۆر بووە و برین بە جەستەیەوە هەبووە، دوای چەند ڕۆژێک لە چارەسەرکردنی و مانەوەی لە سەنتەرەکە دەگەڕێنرێتەوە سروشت".

ش.ق