سەردێڕ:

یەکەمین بەفری پاییز لە باکوری ئێران باری

بەفربارین لە باکوری ئێران
فۆتۆ: 
2018-10-06

46753 جار خوێندراوەتەوە

یەکەمین بەفری پاییز لە باکوری ئێران باری و بەهۆی باران بارین و لافاویشەوە لانیکەم هەشت کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە ئێوارەی رۆژی هەینی (٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨)وە پلەی گەرما لە پارێزگای ئەردەبیل بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە شاری سەرعەین و دەوروبەری یەکەمین بەفری پاییز باریوە.

عەلی دەوڵەتی مێهر بەڕێوبەری گشتیی کەشناسیی پارێزگای ئەردەبیل ڕایگەیاندووە، لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایە پلەی گەرما بە رێژەی ١١ پلە دابەزیوە و لە ئێستادا شارەکانی نیر و سەرعەین ساردترین شاری پارێزگای ئەردەبیلن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، بەفر ناوچە شاخاوییەکانی سەرعەینی سپی پۆش کردووە و پێشبینیش دەکرێت تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە (٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) بەفر و باران بارین لەو ناوچەیە بەردەوام بێت.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، لە ڕۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی باران بارین رووی لە پارێزگاکانی گیلان و مازندەران و گوڵستان و خۆراسانی باکور کردووە و بەو هۆیەشەوە لافاو دروستبووە و کێشەی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دروست کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا ئێستا لانیکەم هەشت کەس بەهۆی لافاو و باران بارینەوە لە پارێزگاکانی باکوری ئێران گیانیان لەدەستداوە کە دوو کەسیان بەهۆی هەورە بروسکەوە گیانیان لەدەستداوە.

باکوری ئێران یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە کە ساڵانە بە ڕێژەیەکی زۆر بەفر و باران لەو ناوچەیە دەبارێت و بەو هۆیەشەوە زیانی گیانی و مادی بەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەکەوێت.

ش.ق