سەردێڕ:

پۆلێنکردنی جۆرەکانی خواردنەوە کهولییەکان بەپێی مەترسیی تەندروستییان

فۆتۆ: 
2018-10-06

31498 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانی بواری خۆراک جۆرەکانی خواردنەوە کهولییەکانیان بەپێی مەترسییان بۆ سەر تەندروستیی دیاریکردووە، لەوانە بیرە لە لیستەکەدا پلەی یەکەمی وەرگرتووە کە بە مەترسیدارترین جۆری مەشروب دادەنرێت بۆ سەر تەندروستیی لەش.

لە بابەتێکی ڕووسیا تودەیدا نوسراوە، هەموو جۆرەکانی خواردنەوە کهولییەکان مەترسیی تەندروستییان لە جگەرەکێشان کەمتر نییە، بەڵام مەترسییە تەندروستییەکانیان بەپێی جۆری خواردنەوە کهولییەکە دەگۆڕێت.

لە لیستێکدا شارەزایانی بواری خۆراک بەپێی مەترسییان بۆ سەر تەندروستیی جەستە جۆرەکانی خواردنەوە کهولییەکانیان دیاریکردووە.

بیرە پلەی یەکەمی وەرگرتووە کە یەکێکە لەو جۆرانەی خواردنەوەی کهولی کە مەترسی گەورەی بۆ سەر تەندروستیی دەبێت، بەڵام پلەی مەترسییەکەی بەپێی ڕێژەی ئەو بڕەی کە دەخورێتەوە دەگۆڕێت، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک بڕێکی کەم لە بیرە بخواتەوە ئەوا مەترسیی تەندروستیی نابێت، بەڵام خواردنەوەی بە بڕێکی زۆر زیانی بۆ جگەر هەیە و بە "بکوژی جگەر" ناودەبرێت.

پزیشکان ئاشکرای دەکەن کە بیرە هۆکارە بۆ ئالودەبوونی مرۆڤ بە خواردنەوە کهولییەکان تەنانەت بە جۆرە جیاوازەکانیشیان.

خواردنەوەی لیکیور "خواردنەوەی کهولی ناوخۆیی" لە لیستەکەدا پلەی دووەمی وەرگرتووە، ئەگەرچی تامێکی خۆشی هەیە بە "هەڵخەڵەتێنەر" ناسراوە، بە جۆرێک کەسەکە کاتێک دەیخواتەوە کۆنترۆڵی خۆی لەدەستدەدات، تەنانەت ئەگەر بڕێکی کەمیش بخواتەوە، ئەمجۆرە خواردنەوەیە زیانی بۆ پەنکریاس هەیە، جگە لەوەش ڕێژەیەکی زۆر شەکر لە پێکهاتەیدا هەیە کە هۆکارە بۆ زیادبوونی کێشی لەش.

خواردنەوەی جۆری شامپانیا لە پلەی سێیەمدایە، بەپێی وتەی شارەزایان مەترسییەکی گەورەی هەیە بۆ سەر جگەر و گەدە، خواردنەوە کهولییەکانی جۆری "کۆکتێل" و جۆرەکانی تر لە لیستەکەدا پلەی چوارەمیان وەرگرتووە، ئەویش بەهۆی بەرزیی بوونی کالۆری لە پێکهاتەیاندا کە هۆکارن بۆ قەڵەوی و کاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستیی ددان و جگەر بەجێدەهێڵن.

هـ،ڕ