سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وەرزێکی نوێی بەرنامە و بەرهەمەکانی ڕاگەیاند

چوار بەرنامەی نوێ زیاد دەکرێت
فۆتۆ: 
2018-09-29

3528 جار خوێندراوەتەوە

کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە وەرزێکی نوێ دا کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە بەرنامە و بەرهەمەکانیدا دەکات و چەند بەرهەم و بەرنامەیەکی نوێ پێشکەشی بینەرانی ئێن ئاڕ تی دەکات و وەرزە نوێیەکەش لە رۆژى دوو شەممەى داهاتووەوە دەستپێدەکات.

یەکێک لە بەرنامەکانی وەرزی نوێ ناوی (بێ سۆراخ)ە، کە بەرنامەیەکی بەدواداچوونی مەیدانییە و لەلایەن ڕۆژنامەنوس وریا حەمە کەریمەوە ئامادە و پێشکەش دەکرێت. ئەم بەرنامەیە چیرۆکی ئەو هاوڵاتییانە دەگێڕێتەوە کە لە دەرگای ماڵەوە چونەتە دەرەوە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە و ئاسەواریان نییە.

یەکێکی تر لە بەرنامەکانی وەرزی نوێ، بەرنامەی (کێشەی خەڵک)ە، کە گرنگیی دەدات بە کێشە و گرفتەکانی هاوڵاتیان و لە زاری قوربانی و زیانلێکەوتووەکانەوە چیرۆکەکان دەگێڕێتەوە، ئەم بەرنامەیە لەلایەن (مەریوان حەسەن)ەوە پێشکەشدەکرێت.

(بێ سنور) بەرنامەیەکی سەرنجڕاکێشی وەرزی نوێی ئێن ئاڕ تی یە، کە لەلایەن (ئامانج بابانی)یەوە پێشکەشدەکرێت و تیایدا دیاردە و حاڵەتە نادیار و شاراوەکانی نێو کۆمەڵگە دەخاتەڕوو و گفتوگۆی لەبارەوە دروستدەکات و ڕۆژانی هەینی پێشکەشدەکرێت.

لە وەرزی نوێدا بەرنامەی (دیالۆگ) دەگەڕێتەوە و هەریەک لە نوسەر و ڕۆژنامەنووسان (شوان محەمەد – ڕێبین هەردی – عەدنان عوسمان – نیاز عەبدوڵا – پەیمان عزەدین – یاسین تەها) بەشداری تیادا دەکەن و ڕۆژانی سێشەممە پێشکەشدەکرێت.

هەر لە وەرزی نوێ دا بەرنامە هەفتانەکانی (هاووڵاتی و دەسەڵات) و (هێڵی سور) و (دووجار بیربکەرەوە) و (ڕووداو و مێژوو) بە ستراتیژێکی نوێوە بەردەوام دەبن و نوێ دەبنەوە.

ئەمە بێجگە لەوەی بەرنامەی ڕۆژانەی (بەیانیت باش کوردستان) نوێ دەبێتەوە و کۆمەڵێک بڕگە و بابەتی نوێ بۆ نێو بەرنامەکە زیاد دەبێت، هەروەها بەرنامە ڕۆژانەکانی تاوتوێ و ڕای تۆ و سەکۆ بە ستراتیژێکی نوێوە بەردەوام دەبن.

لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی وەرزی نوێ دا، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی دوو بەرهەمی نوێی بۆ (XYZ) زياد كردووە کە ئەوانیش بەرنامەکانی (تراویلکە) و (٣٧ پلە)ن. تراویلکە هەفتانە پێشکەشدەکرێت و بۆ یەکەم جارە لە میدیای کوردیدا بەرهەمێکی ڕۆژنامەوانی لەو جۆرە هەبێت، کە تیایدا بەراوردی ڕووداو و بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی تر دەکات بە داتا و ژمارە و بە شێوەیەک کە تێکەڵاوە لە تەنز و کاری ڕۆژنامەوانی.

هەروەها (٣٧ پلە) بەرهەمێکی تری (XYZ)ە، کە تایبەتە بە ڕێنمایی و هۆشیارییە تەندروستییەکان و لەسەر شاشەی ئێن ئاڕ تی و دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی بڵاودەبێتەوە.

هەر لە چوارچێوەی وەرزی نوێدا، دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی خۆی نوێ دەکاتەوە و چەند بڕگە و بەرهەمێکی تر بۆ پلاتفۆڕمەکەی زیادەکات کە دەبێتەهۆی زیاتر نزیکبوونەوەی خوێنەرانی ئێن ئاڕ تی.

هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی وەرزی نوێ دا، نالیا ئێف ئێم گۆڕانی بەسەردا دێت و ڕۆژانە هەواڵەکانی کاتژمێر ٤ى پاشنیوەڕ و گەشتی هەواڵە سەرەکییەکانی کاتژمێر (٨:٠٠)ی کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاستەوخۆ لە نالیا ئێف ئێم-ەوە پێشکەشدەکرێت.

یەکێکی تر لە گۆڕانکارییەکان ئەوەیە، سەنتەری ڕاهێنانی نالیا دوای نوێکردنەوەی هۆڵ و بیناکەی لە وەرزی نوێدا دەستدەکاتەوە بە کردنەوەی خولە ڕۆژنامەوانییەکانی بۆ بەشداربووان و تەنها بە نرخێکی رەمزی، بۆئەوەی زۆرترین فێرخواز بتوانن سوود لە خولەکانی سەنتەری ڕاهێنانی نالیا وەربگرن.

لە وەرزی نوێ دا ئێن ئاڕ تی جەخت لەسەر دروشمەکانی (ڕاستگۆیی و هاوسەنگی و بوێری) دەکاتەوە و دروشمی سەرەکی کەناڵەکە دەبێتە (ئێن ئاڕ تی ... کەناڵی هەموو ڕەنگەکان) و سەرجەم ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان لە شاشەی کەناڵەکە و بەشە جیاوازەکانییەوە دەردەکەون و دەنگ و ڕەنگی خۆیان دەگەیەنن.