سەردێڕ:

ترەمپ: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەڕەشەی لە جیهان پێ بکات

کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
فۆتۆ: 
2018-09-25

13062 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن بە دەوڵەتێک کە گەورەترین پشتیوانی لە تیرۆر بکات، ببیتە خاوەنی مەترسیدارترین چەک و هەڕەشەی پێ لە جیهان بکات.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتەیەکدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەکی جوان لەگەڵ ئێراندا بنیات بنێن، بەڵام ئەوە لەم دۆخەدا ڕوونادات تا هەڵسوکەوتیان نەگۆڕن.

ترەمپ جارێکی تر دووپاتیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، کە هەڕەشەی لە ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی پێ بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد سەپاندنی سزاکانیش بۆ ئەوەیە چیتر دەسەڵاتدارانی ئێران نەبنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئابوریی بەهێز.

ئەوەشی خستەڕوو، ناتوانن ڕێگە بە دەوڵەتێک بدەن ببێتە خاوەنی مەترسیدارترین چەک، کە گەورەترین پشتیوان لە تیرۆر بکات.

ترەمپ ڕایشیگەیاند، بەم نزیکانە توانا سەربازییەکانی ئەمریکا بەهێزتر دەکەن لەوەی کە ئێستا هەیە و بەم نزیکانەش ئەو توانایانە بەدیاردەکەوێت.

دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ترەمپ ڕایگەیاند، پەیڕەویی کارکردنی ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاریی و پێشکەوتنی گرنگی بەخۆوە بینیوە.

دەربارەی دەوڵەتانی کەنداویش ترەمپ ڕایگەیاند، پێشکەوتن بەدیهاتووە لە دژایەتیکردنی تیرۆر و لەناوبردنی.

دەربارەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش ترەمپ جارێکی تر داوای لە ڕێکخراوی ئۆپیک کرد، بە نرخەکاندا بچنەوە و، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بەرگرییان لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت کردووە، بەڵام ئێستا بە بەرزکردنەوەی نرخی نەوت پاداشتیان دەدەنەوە و بە جەنگێک ناویبرد لە دژی وڵاتەکەی.

ترەمپ لەو بارەیەوە وتی "ئەگەر نرخی نەوت کەمنەکەوە لەمەودوا چیتر پارێزگاری سەربازییان لێ ناکەین".

ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەى کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکان دەستیپێکرد، کۆبوونەوەکانى خولى  ٧٣ کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە شارى نیویۆرکى ئەمریکا بە بەشدارى زیاتر لە ١٤٠ سەرۆک وەزیر و سەرۆکى وڵاتان دەستى بەکارەکانى کرد.

ع.م