سەردێڕ:

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی چیرۆکی پێشمەرگەیەکی بریندار بڵاودەکاتەوە کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بێھیوا کرا

بەوەزارەتێک و چەند بەرپرسێکەوە ٥٠ ھەزار ھاوکارییان بۆ نووسیبوو
ئومێد حەمەڕەش لەدوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی
فۆتۆ: 
2018-09-24

15041 جار خوێندراوەتەوە

کۆیە، خالید محەمەد 

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی چیرۆکی ژیانی ئەو پێشمەرگە بریندارە بڵاودەکاتەوە کە دوای چەندینجار ھاتووچۆکردن بۆ لای بەرپرسانی حکومیی و حزبی، تەنھا ٥٠ھەزار دیناری عێراقیی ھاوکاریی کرابوو .

بڕوا محەمەد عەبدوڵڵا کە بە بروا حەمەرەش ناسراوە، لە لێدوانێکی تایبەتییدا بۆ ئێن ئاڕ تی  ئاشکرایکرد کە دوای چوارمانگ ھاتوچۆکردن بۆلای بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و  تائێستا چارەسەری پێویستیی بۆ نەکراوەو بەدەنگ داواکارییەکانییەوە نەھاتوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دوای ئەوەی رەخنەی لە بڕیارەکەی شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ٧٠ی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە گرتووە، ئەو بڕە پارەیان بۆ کردووە بە ١٠٠ ھەزار دینار، بەڵام ئەوەشی رەتکردوەتەوە و وەرینەگرتووە، چونکە بە وتەی خۆی ئەوە جۆرێکە لە "سووکایەتی پێکردن".

لەدرێژەی لێدوانەکەییدا بۆ ئێن ئاڕ تی، بروا حەمەرەش دانینا بەوەدا کە ئەگەرچی لە لیژنەی پزیشکیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاستی کەمئەندامییەکەی بەڕێژەی ٧٠% پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن ھیچ کەس و لایەنێکەوە قەرەبوو نەکراوەتەوە، "تەنانەت یەک ئەندام کۆمیتەش" لێی نەپرسیوە.

پێشتر لە ھەژماری تایبەتی خۆیدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، بروا حەمەرەش نووسراوێکی پۆست کردبوو کە ئاڕاستەی فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی ٧٠ی کردبوو و  تیایدا داوای ھاوکاریی ماددیی کردووە بە ئامانجی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

ھەر لەو نووسراوەدا واژۆی قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانیشی لەسەرە کە بڕی ٥٠ ھەزار دیناری عێراقیی بۆ ھاوکاریی ئەو پێشمەرگەیە تەرخانکراوە.

ئەو پیشمەرگەیە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لە ناوچەی قەرەتەپە لە شەڕی دژ بە داعشدا برینداربووە.

ش.ق