سەردێڕ:

هەرێم.. وەزارەتی پەروەردە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی دیاریکرد

فۆتۆ: 
2020-05-24

175084 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند ڕۆژی رابردوودا، چەند بڕیارێکی نوێیان تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ دەرکرد.

ئەمڕۆ شەممە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبوون با ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند ڕۆژی رابردوودا ئەم بڕیارانەمان دەرکرد،

دەقی بڕیارەکان:

١-لە قۆناغی یەکی بنەڕەتی هەتا ٣ی بنەڕەتی واتە بازنەی یەکەم تەنها هەڵسەنگاندنیان هەیە و تاقیکردنەوە ناکەن، بە دەرچوو هەژماردەکرێن و بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بێ ئەویە هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکە ئەنجامبدەن.

٢-لە قۆناغی ٤ی بنەڕەتی هەتا ١١ی ئامادەیی و ١٠ و ١١ی ئامادەیی پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی و پەیمانگا لە قۆناغی ١ تا ٤ دەرئەنجامی وەرزی یەکەمیان بۆ هەژماردەکرێت و نمرەی بڕیار و پەڕینەوە وەکو ساڵانی رابردوو دەبێت بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک، لەسەر نمرەکانی وەرزی یەکەم هەژماردەکرێت و هەر قوتابییەک پاش ئەو ڕێکارە دەربچێت، ساڵی خوێندنی کۆتایی پێدێت و بە دەرچو هەژماردەکرێت، ئەگەر قوتابی و خوێندکار لە هەرچەند بابەت دەرنەچوو، ئەوا مافی دەبێت لە خولی دووەم تاقیکردنەوە لە گشت ئەو بابەتانەی کە دەرنەچووە ئەنجامبدات.

٣-لە ١/٦/٢٠٢٠ تەنها قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە وێژەیی زانستی و پیشەیی وخوێندنی ئیسلامی و قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاکان (حکومی و ناحکومی)، تاقیکردنەوە ئەنجامدەدەن بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان.

٤- قوتابخانە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان تەنها دەبێت ئەو تاقیکردنەوانە ئەنجامبدەدەن کە نێودەوڵەتین لەگەڵ تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی.

٥- قوتابخانە لۆکاڵییە ناحکومییەکان، ئەو قوتابخانانەی سیستەمی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکەن ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکەن.

٦- قوتابخانە بیانییە ناحکومییەکان، بە گوێرەیی سیستەمی وڵاتی خۆیان تاقیکردنەوەکان ئەنجامدەدەن ئەگەر تاقیکردنەوەکان پەیوەست بوو بە وڵاتی دایکەوە دەتوانن بە گوێرەی وڵاتی دایک تاقیکردنەوەکە ئەنجامبدەن و ئەگەر تاقیکردنەوەکەشیان پەیوەست نەبوو بە وڵاتی دایکەوە جگە لە قۆناغی ١٢ی ئامادەیی ناتوانن قوتابیان بۆ تاقیکردنەوە ببنەوە بۆ قوتابخانەکانیان، پێویستە هەموو رێکارەکانی قوتابخانە حکومییەکان جێبەجێ بکەن.

٧ -بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگاکان بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان و هەڵسەنگاندن لە وەزارەت رێنمای پێویست دەردەچوێنن بۆ شێوازی هەژمارکردنی نمرەی قوتابیانی پەیمانگاکانی وەزارەتی پەروەردە لە قۆناغی یەک تا چوار.

٨-بۆ چۆنییەتی تۆمارکردنی نمرەکان لە تۆماری گشتی و تۆماری نمرەی کارگێڕی، بۆردی نمرەکان و تۆماری نمرەی مامۆستا رێنمای پێویست لە بەڕێوەبەرایەتی ئەزمونەکان دەردەکرێت.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی، زیاتر لە دوو مانگ و نیوە دەوامی سەرجەم خوێندنگاکان و پەیمانگا و زانکۆکان راگیراوە و خوێندکاران نیگەرانی یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ بوون.