سەردێڕ:

وردەکاریی ناوەڕۆکی وتارەکەى سەرۆکى حکومەتی هەرێم

فۆتۆ: 
2020-05-23

8319 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتارێكی پێشكه‌شكرد و تێیدا لەگەڵ جەژنە پیرۆزە لە هاوڵاتیان داواى هاوکاریى و دانبەخۆداگرتنى لێکردن و بە ناڕاستەوخۆش ئەزموونى حوکمڕانی کابینەکانى پێش خۆى بە چەوت و هەڵە لە قەڵەمدا، بەڵام هیچ شکستێکیشى نەهێنایە سەر خۆیی و کابینەکەى.

لەمیانى وتارەکەیدا، مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمەڵێک پرسى ناوخۆیى هەرێم وەستا و رایگەیاند، بەشێکی زۆری دۆخى سەختی ئابوریی، ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنها پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە.

مەسرور بارزانی ئەوەی لە رابردوو روویداوە بە "چەوتی" ناوبرد و بە ڕوونی شکستى سیاسەتی نەوتیی هەرێمیشى راگەیاند بەوەی حکومەت لەچاو کۆمپانیا و بەشدارەکانی تردا کەمتری دەستدەکەوێت، پاشان بە ناڕاستەوخۆ ئیفلاسیى و شکستى سیاسیەتى ئابورى حکومەتیشى راگەیاند، پاش ئەوەى وتى خەزێنەکەیان بەتاڵەو هیچی تیا نیە و هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکى داراییشیان نییە. هەروەها. وتیشى، لە دابەشکاریی ناتەواوی بودجەی هەرێمدا، هیچ لێکدانەوەیەک بۆ ئایندە و نەوەکانی داهاتوو نەکراوە، ئەمەش ماناى شکستى کۆى ٢٩ساڵى حوکمڕانى پارتى و یەکێتیە لەهەرێمى کوردستاندا.

لەبارەی پەیوەندی هەرێم لەگەڵ بەغداش سەرۆکى حکومەت وتى، بە جیدیەتەوە هەنگاویان ناوە لەگەڵ کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى و ئێستاش کە حکومەتى نوێى موستەفا کازمی دەستبەکار بووە، دووبارە ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەربڕیوە و لە  دانوستانیش بەردەوام دەبن، تا بە ئەنجامێکی دادپەروەرانە و دەستوورییانە دەگەن.

سەرۆکى حکومەت وتیشى، سوورن لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاکسازی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و دەبێ چاکسازیش گشتگیر و سەرتاسەری بێت و هەمووان بگرێتەوە و نابێ هیچ کەس و لایەنێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاکسازی بکات.

وتیشى، حکومەتی هەرێم کاردەکات بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە ئەنجامدانی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئیداری و سەرهەڵدانی فرەچەشنی دەسەڵات لە دەرەوەی دامودەزگاکانی هەرێم، ئەوان لەگەڵ لامەرکەزیەتی کارگێڕیدان، بەمەرجێک لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمدا بێت. هاوکات بەناڕاستەوخۆش هێرشى کردە سەر چەند لایەنێکیش وتى: ئەم دۆخە سەختە نابێ بکرێتە کەرەستەی ململانێی سیاسی و یەکترشکاندن و پەرتەوازەکردن و دابڕاندنی ناوچەکانی هەرێم  لە یەکتر لە ژێر ناوی جۆراوجۆر.

سەرۆکى حکومەت ئاماژەى بەوەشکرد، لە سەدا ٨٠ی داهاتی هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەخۆران تەرخانکراوە، لەکاتێکدا موچەخۆران ٢٠%ی دانیشتووانی هەرێمن. ئەم رێژەیەی موچەخۆران بە پێی ستانداردە باوەکان چەندین بەرابەری پێداویستییەکانی هەرێمە و لە نۆ مانگی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمیشدا، هەشت مانگ موچە دراوە و تەنیا موچەی مانگێک دواکەوتووە. راشیگەیاند، دەبێت خۆیان لەگەڵ هەر دۆخێکی نەخوازراودا بگونجێنین و بەپێی داهات و توانا داراییەکانی هەرێم پلانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە داناوە.

سەرۆکى حکومەت باسى ئەوەشى ئاشکراکرد،  بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە و بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدرالە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێم، هەربۆیەشە بەداخەوە حکومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە، ئەمەش وادەکات لە هەر قەیرانێکی دارایی رووبەڕووی کێشە ببنەوە. بەڵام ئەوەى ئاشکرا نەکرد کە ئەو قەرزانە لە کێ کراون و بۆچى کراون و چەندیشى دراونەتەوەو کەى کۆتاییان دێت؟.

مەسرور بارزانى ئاماژەى بەوەشدا، ئەوان لە هەرێمدا زوو دەستیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی کردووە، بەڵام لەم رۆژانەدا هەست دەکرێت پابەندبوونەکان سستیی تێکەوتووە، دەبێت رێکارەکانی خۆپارێزی لە ئاستی تاکدا، بەردەوام بێت.

وتیشى گوێ لە هەموو رەخنە و تێبینیەکانی خەڵک دەگرن و داواکارییە واقیعی و مەنتیقییەکانیش لە بەرچاو دەگرین ، بەڵام پێویستە خەڵکیش تێگەیشتنی تەواویان بۆ ئەم دۆخە سەختەی ئێستا هەبێت.

لەکۆتایی وتارەکەشیدا مەسرور بارزانى وتى، ئەوان دڵنیان کە ئەم دۆخە تێدەپەڕێنن و سەردەکەون، ئەوکاتیش شەریکى زۆریان دەبێت لەو سەرکەوتنەدا.