سەردێڕ:

هێزە ئەمنییەکانی ئێران شاعیر و نوسەرێکی شاری بۆکانیان دەستگیرکرد

فۆتۆ: 
2018-07-04

2242 جار خوێندراوەتەوە

هێزە ئەمنییەکانی ئێران ماوەی دوو ڕۆژە ئەنوەر عەرەب شاعیر و نوسەری گەنجی شاری بۆکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردووە.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) هێزە ئەمنییەکانی بۆکان دوێنێ بەیانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەنوەر عەرەب شاعیر و نوسەری گەنجی بۆکان و دەستگیریانکردووە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەو شاعیرە نازانرێت و ئەو هێزانە بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک چونەتە ماڵی ئەو شاعیرە و دەستبەسەریانکردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

ئەنوەر عەرەب، شاعیر و چالاکی فەرهەنگیی تەمەن ٣٣ ساڵ، لە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری بۆکان لەدایکبووە. خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بیناسازیی و هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی لە زانکۆی تەورێز تەواوکردووە.

شەش ساڵ لەمەوبەر بەشێوەی خولی‏ بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بووە و ئەندامی ڕێکخراوی ئیزیرتۆیە، ئەنوەر لە شاعیرانی نوێخوازە و هاوکات لە بواری چیرۆکنوسییشدا چالاکە و یەکەم کتێبی چیرۆکی لەژێر ناوی "لە چاوەڕوانی پیاوێکی کراس زەردی گوڵ گوڵی" چاپ و بڵاوکراوەتەوە و کۆمەڵێک لە شیعرەکانیشی، کە بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٩ن، لەخۆدەگرێت و ئامادەیە بۆ چاپ.

ع.م