سەردێڕ:

جەنگى جیهانى دژى کۆرۆنا.. پێنج دۆزینەوەى زانستى لەم هەفتەیەدا

فۆتۆ: 
2020-03-28

25020 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ خێرایى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، هاوکات توێژینەوە و تاقیکردنەوە زانستییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەى خێراتر و چڕتر کراونەتەوە، هەفتەى رابردووش پێنج  دۆزینەوەى زانستى بۆ روبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا دۆزراونەتەوە.

یەکەم: دۆزینەوەى ڕێگەیەکى خێرا بۆ پشکنینى مرۆڤەکان لە رێگەى زانینى دژەتەنەکانى ناو لەش، ئەم رێگەیە جگە لەوەى بەخێرایى ئەنجامى پشکنینەکە دەدات بەدەستەوە، دەریشیدەخات کە ئەگەر پێشتر کەسەکە توشى ڤایرۆسەکە بوبێت و پێى نەزانرابێت و چاکبوبێتەوە.

دووەم: نیشانەیەکى نوێى توشبوون بە کۆرۆنا لەدەستدانى هەستى بۆنکردنە، ئەو کەسەى توشى کۆرۆنا دەبێت هەستى بۆنکردنى چالاک نابێت و هەندێکجار هەستى تامکردنیشى لاواز دەبێت.

سێیەم: دەرکەوتووە کە ڤایرۆسەکە گۆڕانکارى بەسەردا نایەت و خۆى لە دژەتەنەکان و سیستمى بەرگرى لەش ون ناکات، ئەوەش شتێکى دڵخۆشکەرە کە دەکرێت بە دۆزینەوەى ڤاکسینێک بۆى، ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

چوارەم: کەرەنتینەى شارەکان و وڵاتان پێویستە بەردەوام بێت و لە ئێستادا ئومێدى ئەوە نییە کە بەم نزیکانە ژیان بگەڕێتەوە دۆخى ئاسایى خۆى، قەدەغەى هاتوچۆ و مانەوەى خەڵکى لەماڵەوە چەند مانگێکى دیکەى پێویستە بۆ ئەوەى بەتەواوەتى ترسى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە نەمێنێت.

پێنجەم: ریژەى گیانلەدەستدان بەهۆى ڤایرۆسەکەوە لەنێو پیاواندا زۆرترە وەک لە ژنان، زاناکان پێیان وایە سیستمى بەرگرى ژنان بەهێزترە بۆ ڤایرۆسەکە وەک لە سیستمى بەرگرى پیاوان.