سەردێڕ:

فەرەنسا ڕێگە بە بەکارهێنانى کلۆرۆکین بۆ توشبووانى کۆرۆنا دەدات

فۆتۆ: 
2020-03-27

6688 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانى فەرەنسا و وەزیرى تەندروستى ئەو وڵاتە ڕەزامەندییان لەسەر بەکارهێنانى دەرمانى کلۆرۆکین بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا پیشاندا.

ماڵپەرى روسیا تودەى بڵاویکردەوە، هەریەکە لە ئیدوارد فلیپ سەرۆکوەزیرانى فەڕەنسا و ئۆلیفییە فیران وەزیرى تەندروستى ئەو وڵاتە، واژۆیان لەسەر بڕیارى بەکارهێنانى دەرمانەکە کردووە، کە بە فەرمى لە نەخۆشخانەکانى فەرەنسادا بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا بەکاربهێنرێت.

لە بڕیارەکەى حکومەتى فەرەنسادا ئاماژە بەوەشکراوە، دەرمانى کلۆرۆکین دەکرێت وەک چارەسەر و لەژێر چاودێرى پزیشکدا لە نەخۆشخانەکاندا بە توشبووانى کۆرۆنا بدرێت.

لاى خۆشیەوە پرۆفیسۆر دیدییە رائول بەڕێوەبەرى پەیمانگاى چارەسەرکردن لە زانکۆى مرسیلیا، سوپاسى حکومەتى فەرەنساى کرد کە رەزامەندى لەسەر بەکارهێنانى دەرمانەکە پیشانداوە.

هاوکات، رائول یەکەم پسپۆرى بوارەکە بوو، کە داواى بەکارهێنانى کلۆرۆکینی بۆ توشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا کردبوو، داواکەشى مشتومڕى زۆرى لە ناو پسپۆران و شارەزایاندا بەدواى خۆیدا هێنا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دواین ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتی فەرەنسا گەیشتووەتە ٢٩ هەزار و ١٥٥ کەس و لەو ژمارەیەش هەزار و ٦٩٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٩٤٨ کەسیش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە.