سەردێڕ:

جیهان.. ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا نیو ملیۆن کەسی تێپەڕاند

فۆتۆ: 
2020-03-26

8926 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە جیهاندا نیو ملیۆن کەسی تێپەڕاند و لەو ژمارەیەش تاوەکو ئیستا زیاتر لە ٢٢ هەزار گیانلەدەستان و زیاتر لە ١٢١ هەزار چاکبوونەوە تۆمارکراوە.

بەپێی دواین ئاماری توشبووانی کۆرۆنا، لە ئێستادا ژمارەی توشبووان لە سەرانسەری جیهاندا پێنج سەد هەزار توشبووی تێپەڕاند و ژمارەی ئەو کەسانەشی لەسەرەتایی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە چاکبوونەوەتەوە زیاد لە شەش هێندەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە ئێستا زۆرترین رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتی چین و سەرچاوەی دروستبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە بە جۆرێک ٨١ هەزار و ٢٨٥ حاڵەت تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٢٨٧ گیانلەدەستدان و زیاتر لە ٧٤ هەزار چاکبوونەوە هەیە کە زیاتر لە ٩٠٪ توشبووان دەکات.

لە دوای وڵاتی چینەوە وڵاتی ئەمریکا دێت کە بە جیاوازییەکەی کەم پێش ئیتاڵیا کەوتووە بە جۆرێک تاوەکو ئێستا نزیکەی ٧٥ هەزار توشبوون تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە هەزار گیانلەدەستدان و نزیکەی دوو هەزار حاڵەتی چاکبوونەوەش هەیە.

لە پلەی سێیەمدا وڵاتی ئیتاڵیا دێت بە جۆرێک تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٤ هەزار کەس توشبوون و لەو ژمارەیە زیاتر لە حەوت هەزار گیانلەدەستدان و زیاتر لە نۆ هەزار چاکبوونەوەش هەیە.

لە پلەی چوارەمدا ئیسپانیایە بە جۆرێک زیاتر لە ٥٦ هەزار توشبوون تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە چوار هەزار گیانلەدەستدان و زیاتر لە حەوت هەزار حاڵەتی چاکبوونەوەش هەیە.

لە پلەی پێنجەمدا وڵاتی ئەڵمانیا دێت کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٤١ هەزار توشبوون و ٢٢٩ گیان لەدەستدان و نزیکەی چوار هەزار چاکبوونەوەش تۆمارکراوە.

لە پلەی شەشەمدا وڵاتی ئێران دێت بە جۆرێک تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٩ هەزار توشبوون و دوو هەزار و ٢٣٤ گیان لەدەستدان و نزیکەی ١١ هەزار چاکبوونەوەش هەیە.

هاوکات، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی، تاوەکو ئێستا ٣٨٢ توشبووی کۆرۆنا لە عێراقدا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش ٣٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٥ کەسیش بەتەواوی چاکبوونەتەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی، تا ئێستا ١٠٣ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراوە بەجۆرێک ٦٨ توشبوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ٣٣ توشبوو لە پارێزگای هەولێر و دوو توشبووش لە دهۆک، لەو ژمارەیەش دوو حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٢٧ حاڵەتی چاکبوونەوەش تۆمارکراوە.

بۆ بینینی دواین ئامارەکانی کۆرۆنا لە جیهاندا کلیک لێرە بکەن