سەردێڕ:

نەرویج مەلا کرێکاری رادەستی ئیتاڵیا کرد

فۆتۆ: 
2020-03-26

46725 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی هەواڵی رۆژنامەیەکی نەرویجی، شەوی رابردوو، حکومەتی نەرویج مەلا کرێکاری رادەستی ئیتاڵیا کرد، كە لە شوباتى رابردوودا بڕیارى رادەستکردنى بۆ درابوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، رۆژنامەی "نیوز ئین ئینگلیش"ی نەرویجی بڵاویکردەوە، مۆنیکا مولاند، وەزیری دادی نەرویج لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، "چیتر مەلا کرێکار لە نەرویج نییە و رادەستی ئیتاڵیا کراوە"، کە لە ساڵی رابردوودا، بە تۆمەتی تیرۆر سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

مولاند ئەوەشی راگەیاندووە، "بڕیاری رادەستکردنەکە لەلایەن دادگای باڵای نەرویجەوە دراوە، پاش چەند ساڵێکیش لە ململانێی یاسایی، لە لایەن پاشا هارالدی پێنجەمەوە ڕێگە بە جێبەجێکردنی دراوە".

هاوکات، سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئیتاڵیادا بڵاوبووەتەوە، مولاند دڵنیایی داوە لەوەی، "ئەگەر مەلا کرێکار داوای هەر جۆرە پاراستنێک بکات بۆی دابیندەکریت".

ئەوەش پاش ئەوە دێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، دەسەڵاتدارانی نەرویج ئەنجامدانی گەشتیان بۆ وڵاتی ئیتاڵیا راگرتووە و لەو بارەیەوە مولاند باسی لەوەکردووە، "ئێمە هەڵدەستین بە رادەستکردنی کرێکار بەو شێوەیەی کە داواکراوە و رێگەپێدراوە و بڕواشمان وایە دۆسیەی مەلا کرێکار بە وردی هەڵسەنگێندراوە".

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ١٢ی شوباتی رابردوودا وەزارەتی دادی نەرویج رایگەیاند، بڕیاری رادەستکردنی نەجمەدین فەرەج ئەحمەد، ناسراو بە مەلا کرێکاریان بە ئیتاڵیا پەسەندکردووە.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا رایانگەیاند، "بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ھێرشی تیرۆریستی، ١٥ ئەندامی گروپە توندڕەوەکان، لەناویشیاندا مەلا کرێکار، لە شەش وڵاتی ئەوروپادا دەستگیرکراون و داوای رادەستکردنی مەلا کرێکاریان لە نەرویج کردەوە."

باس لەوەشکراوە، "مەلا کرێکار لە ساڵی ٢٠١٥دا، بە تۆمەتی ھەڕەشەی مەرگ لە پیاوێکی کورد و چاوپێکەوتنێکی کە تێیدا ھانی خەڵکی دابوو بۆ پاڵپشتیکردنی گروپی تیرۆریستی، لە وڵاتی نەرویچ دەستگیرکرا و ١٨ مانگی لە زینداندا بەسەربرد."

ماوەی پێنج ساڵە دادگای ئیتاڵیا دەیەوێت لەسەر چەند تۆمەتێکی جیاواز، مەلا کرێکار، سەرۆکی پێشووی ئەنسارولئیسلام، دادگایی بکات و لە تەمموزی ساڵی رابردووشدا، دادگای ئەو وڵاتە بە تۆمەتی تیرۆر، ١٢ ساڵ زیندانی بەسەریدا سەپاند.

هـ.ئـ

‌بەپەلە