سەردێڕ:

فراکسیۆنى نەوەى نوێ: بەغدا موچەی فەرمانبەرانی ناردوە بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشى ناکات

فۆتۆ: 
2020-03-26

15194 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان داواى دانیشتنێکی بەپەلەى پەرلەمان دەکات بۆئەوەى حکومەت پابەند بکات بە دەستبەجێ دابەشکردنی موچەی مانگی ١٢ی سەرجەم فەرمانبەران، دەشڵێت، "لە کاتێکدا بەغدا موچەی فەرمانبەرانی ناردوە، بەڵام حکومەتی هەرێم موچە دابەش ناکات."

لە راگەیەندراوێکدا فراکسیۆنى نەوەى نوێ ئاماژەى بەوەکردووە، داوا دەکەن، پەرلەمان لەو دانیشتنەدا حکومەت پابەند بکات بە دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (ڤێنتیلەیتەر) بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان لە سەرجەم شارەکان، بەتایبەت سەنتەرەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا.

باسی لەوەشکردووە، پێوستە حکومەت پابەندبکرێت بە هاوکاریکردنی فەرمانبەر و کرێکارانی کەرتی تایبەت کە لەئێستادا کاریان وەستاوە و ھیچ سەرچاوەیەکی داھاتیان نیە، هەروەها ھاوکاریکردنی سەرجەم ئەو خێزانە ھەژار و کەم دەرامەتانەی کە بەھۆی ئەم دۆخەوە گوزەرانیان لە مەترسیدایە، پابەندیش بکرێت بە خۆشبون لە کرێی ئاو و کارەبای سێ مانگی ھەموو ھاوڵاتیان و کاسبکاران.

فراکسیۆنى نەوەى نوێ راشیگەیاندووە، "خەڵک لەم کاتەدا زۆر دڵسۆزانە پابەندی ڕێنماییەکان بووە، بەغدا موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی ١٢ ى ناردوە، بەڵام حکومەت تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەکی نەبووە بۆ چارەسەرکردنی خراپی دۆخ و گوزەرانی خەڵک. لەبەر ئەوە ئێستا خەڵک چاوی لەسەر پەرلەمانە و چاوەرێی ھەلوێستی بەرپرسانەیان لێدەکات و پێویستە پەرلەمان بە ڕۆڵی خۆی ھەستێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، تا ئێستا حکومەتى هەرێم موچەى مانگى ١٢ى زۆربەى فەرمانبەرانى دابەشنەکردووە و هۆکارەکەشی بۆ نەگەیشتنى پارە لە بەغداوە دەگەڕێنێتەوە.

‌بەپەلە