سەردێڕ:

لێکۆڵینەوەیەک باوانی راستەوخۆی مریشک و باڵندەکانی ئەمڕۆ ئاشکرا دەکات

وێنەی کەللەسەری بەبەردبووە دۆزراوەکە تێکەڵ بە گرافیکی ئێن ئاڕ تی
فۆتۆ: NRT
2020-03-26

10782 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی

سازدانی گفتوگۆ: هێمن بەکر

ئێن ئاڕ تی گفتوگۆیەکی لەگەڵ دکتۆر دانێڵ فیڵد، سەرپەرشتیاری ئەو توێژینەوەیە ئەنجامدا کە لەسەر کۆنترین بەبەردبووی پەلەوەر ئەنجامیاندا و تێیدا، کۆنترین باوانی مریشک و پەلەوەر و باڵندەکانی ئەمڕۆ ئاشکراکرا.

ساڵی ٢٠٠٠ بوو کە تیمێکی زیندەوەرناسی لێکۆڵەر لە زیندەوەرانی جیهانی کۆندا، لە سنوری بەلجیکادا ئێسکی پەلەوەرێکی بەبەردبوویان دۆزییەوە و لەم دواییانەدا و پاش ٢٠ ساڵ بۆیان دەرکەوت کە ئەوە کۆنترین باوانی مریشک و پەلەوەر و باڵندەکانی ئەمڕۆیە کە دۆزرابێتەوە.

بەبەردبوو، واتە ئێسکی ئاژەڵێک کە سەردەمێکی زۆر بەسەر گیانلەدەستدانیدا تێپەڕیبێت و لە ئێستادا بە شێوەی بەرد دێتەبەرچاو، بەڵام لە رێگەی پشکنینەوە دەزانرێت کە بەرد نییە، بەڵکو ئێسک و پروسکی ئاژەڵێکە و چەندین ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.

بەپێی تیۆری زانستیی پەرەسەندن، پەلەوەران و باڵندەکان و مریشکەکان سەر بە یەک خێزانن و لە گروپی داینەسۆرەکانەوە بۆ ئەم شێوازەی ئێستایان گەشەیان کردووە، بەڵام لێکۆڵینەوە نوێکە دەریدەخات کە لە راستیدا، باوانی راستەوخۆی پەلەوەرانی ئەمڕۆ داینەسۆرەکان نین، بەڵکو لەگەڵ داینەسۆرەکاندا ژیاوە و خزمی نزیکی یەکدین.

بەبەردبووە دۆزراوەکە بە (Asteriornis) ناونراوە و لە میتۆلۆجیای یۆنانییەوە وەرگیراوە کە خودای کەوتنەخوارەوەی ئەستێرە بووە و ئەمەش، وەکو ئاماژەیەک بەوەی پەلەوەرەکە لە سەردەمی ئەو گورزە ئەستێرەییەدا ژیاوە کە بەر زەوی کەوت و داینەسۆرە زەبەلاحەکانی لەناوبرد.

تیمی لێکۆڵەرانی زانکۆی کامبریج، لەناو خۆیاندا بەبەردبووەکەیان ناوناوە "پەلەوەری سەرسوڕهێنەر" و دکتۆر فیڵد هۆکارەکەیمان بۆ باس دەکات.

دەقی گفتوگۆی ئێن ئاڕ تی لەگەڵ دکتۆر دانێڵ فیڵد، پسپۆڕی زیندەوەرانی پێش مێژوو لە زانکۆی کامبریج و سەرپەرشتیاری تیمی لێکۆڵینەوەکە:

 ئێن ئاڕ تی: بە بۆچوونی تۆ، بۆچی گرنگە لێکۆڵینەوە لە زیندەوەرانی پێش مێژوو (پێش مێژووی تۆمارکراو) بکرێت؟

دکتۆر فیڵد: تۆماری بەبەردبووەکان تاکە رێگەی راستەوخۆیە کە توانای تێگەیشتنمان لە مێژووی ژیانی سەر زەوی بۆ دەڕەخسێنێت. کەواتە، بەبەردبووەکانی لە چەشنی دۆزینەوە نوێکەی ئێمە، توانای بینینی ژیانی سەر هەسارەکەمان لە سەردەمێکی زۆر لەمەوبەردا بۆ دەڕەخسێنێت.

ئێن ئاڕ تی: بۆچی ئێوە بەبەردبووە دۆزراوەکەتان ناونا پەلەوەری سەرسوڕهێنەر؟

د. فیڵد: ئێمە لەبەر دوو هۆکار بەبەردبووە نوێکەمان ناونا پەلەوەری سەرسوڕهێنەر. یەکەم، لەبەرئەوەی سەرەتا کە ئێسکە بەبەردبووەکەمان دۆزییەوە، زۆر سەرمان سوڕما و وشەی 'سەرسوڕهێنەر' لەوەوە هات. دووەم، تێبینی چەند لێکچوونێکی گرنگمان کرد لە نێوان ئێسکە دۆزراوەکە و پەلەوەر و باڵندەکانی ئەم سەردەمەدا. بەو جۆرە بوو کە ناوی 'پەلەوەری سەرسوڕهێنەر' لەدایکبوو.

ئێن ئاڕ تی: چۆن پەلەوەری سەرسوڕهێنەر (ئێسکە بەبەردبووە دۆزراوەکە) دەتوانێت ئەو هۆکارانە روونبکاتەوە کە پەرەسەندنی پەلەوەر و باڵندەکانی بە ئاڕاستەی شێوازی ئێستایان برد؟

د. فیڵد: کاتی ژیانی پەلەوەری سەرسوڕهێنەر دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی داینەسۆرەکان و لە نزیکەی ٦٦ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستادا ژیاوە و ئەوەش، کۆنترین بەبەردبووی دۆزراوەیە کە بۆ باوانی پەلەوەرانی ئەمڕۆ بگەڕێتەوە. کەواتە، پەلەوەری سەرسوڕهێنەر باشترین بەڵگەمان پێدەدات کە باوانی باڵندەی نوێی ئێستایی، لەگەڵ داینەسۆرە زەبەلاحەکاندا لە یەک سەردەم و لە یەک جیهاندا ژیاون.

ئێن ئاڕ تی: لێکۆڵینەوەکەی ئێوە ئاماژە بەوەدەدات کە پەلەوەری سەرسوڕهێنەر لە پێش ئەو گورزە ئەستێرەییەوە ژیاوە کە بەر زەوی کەوت و داینەسۆرە زەبەلاحەکانی لەناوبرد، لەگەڵ ئەوەشدا و لە ماوەی رابردوودا، هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژەیان بەوەداوە کە پەلەوەر و باڵندە ئێستاییەکان لە گروپێکی داینەسۆرەکانەوە پەرەیانسەندووە کە بە (سێرۆپۆد – ئەو داینەسۆرانەی لەسەر دوو قاچی دواوە وەستاون) ناودەبرێن. ئایا بەبەردبووە دۆزراوەکە کاریگەری لەسەر ئەو تێگەیشتنەی پێشوو دەبێت؟

د. فیڵد: بەبەردبووە دۆزراوەکە یارمەتیمان دەدات لە تێگەیشتن لەو هۆکارانەی کە هاوکاریی باوانی پەلەوەر و باڵندە ئێستاییەکانیان کردووە تا لەو لەناوچوونە رزگاریان ببێت کە خزمە داینەسۆرەکانیانی لەناوبرد. گرنگترین شت ئەوەیە کە بەبەردبووەکە بچوکە و نزیکەی تەنیا ٣٩٥ گرامە. بەبەردبووە دۆزراوەکانی دیکە ئاماژە بەوەدەدەن کە هەر گیانەوەرێک لەو کاتەدا بەسەر زەویدا رۆشتبێت و کێشی لە پێنج کیلۆگرام زیاتر بووبێت، ئەوا رزگاری نەبووە، چونکە لە دوای ئەو گورزە ئەستێرەییەی لە زەوی داوە، بڕی خواردنی پێویست نەبووە بۆ مانەوەیان. گرنگترین هۆکارێک کە هاوکاریی باوانی پەلەوەر و باڵندە ئێستاییەکانی کردبێت تا لەو لەناوچوونە رزگاریان ببێت، بریتی بووە لە قەبارە بچوکەکەیان.

ئێن ئاڕ تی: لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە لە دەوروبەری ٦٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەردا، باوانی باڵندە ئێستاییەکان (لەناویشیاندا داینەسۆرەکان) بە قۆناغی لەناوچووندا تێپەڕیون، کەچی هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە باوانی مرۆڤە ئێستاییەکان بە هەل و مەرجێکی وەهادا تێپەڕیبن یان کاریگەرییەکی گەورەی گورزە ئەستێرەییەکەیان بەرکەوتبێت. کەواتە هۆکاری ئەوە چییە کە جۆرەکانی باڵندە زیاترن وەک لە مەمکدارەکان (شیردەرەکان – کە مرۆڤیش لەم جۆرەیە)؟

د. فیڵد: روون نییە کە بۆچی لە ئێستادا جۆرەکانی باڵندە زیاترن لە جۆرەکانی مەمکدارەکان، بەڵام لەراستیدا، هێندەش جیاوازییان نییە. لە ئێستادا نزیکەی ١١ هەزار جۆری باڵندە بوونیان هەیە، لەکاتێکدا نزیکەی شەش هەزار لە مەمکدارەکانیش بوونیان هەیە. کەواتە، ژمارەیەکی زۆر لە جۆری هەردوو گروپەکە هەن.

ئێن ئاڕ تی: لەسەر زەوی شەمشەمەکوێرە هەیە، کە مەمکدارن و باڵیشیان هەیە، کەواتە چۆن گەورەترین لێکچوون لە نێوان هەردوو گروپی مەمکدارەکان و باڵدارەکاندا دیاریدەکەیت؟

د. فیڵد: مەمکدارەکان و باڵدارەکان چەند لێکچونێکی گرنگیان لە نێواندا هەیە. کە خۆی لە نزیکی پلەی گەرمی ناوەوەی لەشیان و کردارە خانەییەکانیان لە بەرهەمهێنان و هەرسکردن و چەندین تایبەتمەندی لێکچوی دیکەدا دەبینێتەوە.