سەردێڕ:

رۆیتەرز: تا ئێستا ٢٢٧ سەربازى ئەمریکى توشی کۆرۆنا بوون

فۆتۆ: 
2020-03-26

1554 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی دواین ئامارى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا، تا ئێستا ٢٢٧ سەربازى ئەمریکى توشى ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە ئێستادا کۆتوبەند خراوەتەسەر جوڵەى هەزاران سەرباز و کەرەنتینە کراون.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زارى سەرکردایەتى سوپاى ئەمریکا ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا، سوپای ئەمەریکا ناچار بووە جوڵەی ١٠ هەزار سەرباز لە ناوچە جیا جیاکاندا، لەوانەش ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنورداربکات و هەندێکیشان کەرەنتینە کراون، بەڵام سەرکردایەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا هیچ زانیارییەکى وردیان ئاشکرا نەکردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو رێکارە فشار دەخاتە بەردەم کارەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کە بیەوێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە بەبێ ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کاربکاتە سەر سوپای وڵاتەکە، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی گەورەی هێزەکان ناتوانن لە شوێنی خۆیان بجوڵێن.

مارک میڵی سەرۆکی لیژنەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا بە ئاژانسەکەى راگەیاندووە، پێشبینی ئەوە دەکات کاریگەرییەکان لەسەر ئامادەیی سوپا بۆ هەر ململانێیەک یاخود قەیرانێک کەم بێت، بارودۆخەکە دەگۆڕێت، پێویستە ڕەوشەکە هەڵبسەنگێنن.

لە ئێستادا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەموو مەشقە سەربازییەکانی ڕاگرتووە و ڕێگەش بە سەربازەکانیان نادات گەشت بۆ ئەو وڵاتانە بکەن کە ڤایرۆسەکە تیایاندا زۆر چالاکە و هەروەها هەموو جوڵەکانیشیان لە ناوخۆی ئەمەریکادا ڕاگیراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا ٦٨ هەزار و ٤٧٢ کەس لە ئەمریکا توشی کۆرۆنا بوون و هەزار و ٣٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە و ٣٩٤ کەسیش چاکبوونەتەوە.