سەردێڕ:

رێکخراوی تەندروستی جیهانی: پێدەچێت ئەمریکا ببێتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

فۆتۆ: 
2020-03-26

4063 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە ئەمریکادا، رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە و پێدەچێت ئەو وڵاتە ببێتە  سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کارێکی زۆر باش دەکات کە بە جددی بابەتەکەی وەرگرتووە و لە راستیدا، ئەم پەتا جیهانییە پێویستی بە هەوڵی سیاسییە لە بەرزترین ئاستیدا.

راشیگەیاند، "ئێمە پێمانوایە هیوا و ئومێدمان ماوە. پێموایە هەلی یەکەممان لەدەستدا کە دەبوو مانگێک یان دوو مانگ لەمەوبەر کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکەمان بکردایە، بەڵام نابێت هەلی دووەم لەدەستبدەین".

ئاماژەی بەوەشدا، هەندێک وڵات کەمتەرخەم بوون لە جەنگان لە دژی ڤایرۆسەکەدا و بەوەش، زیاتر و زیاتر بەرۆکی گرتنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە درێژایی چەندین مانگە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێنمایی بە وڵاتانی جیهان دەدات لەوەی کە چۆن روبەڕوی ڤایرۆسەکە ببنەوە، بەڵام هێشتا بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە جیهاندا بۆ زیاتر لە ٤٧١ هەزار کەس و گیانلەدەستدانیش بۆ زیاتر لە ٢١ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

هاوکات، نزیکەی ١١٥ هەزار کەسیش لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.