سەردێڕ:

مەرزی پەروێزخان لەبارەى توشبوونى شەش کارمەندى کۆمپانیایەک بە کۆرۆنا روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-03-25

5338 جار خوێندراوەتەوە

دەروازەى نێودەوڵەتى پەروێزخان رایگەیاند، دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە، کە شەش کارمەندی کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە ناو مەرزەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، پشکنینی سەرجەم ئەو کارمەندانە پاک دەرچوون و کەسیان هەڵگری  ڤایرۆسەکە نین.

لە راگەیەندراوێکدا کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاماژەى بەوەکردووە، سامپڵ لە بەشێک لە فەرمانبەر و کارمەندانی نێو کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان وەرگیرا بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستییان، لەو چوارچێوەیەشدا گومان لە پشکنینی ئەو شەش کارمەندەی کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی کرا، بەو هۆیەشەوە بۆ دڵنیابونەوەی زیاتر دووبارە پشکنینیان بۆ کراوەتەوە.

روونیشیکردووەتەوە، ئەمشەو لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانەوە ئاگادار کرانەوە، کە ئەنجامی پشکنینی ئەو شەش کارمەندە لە بەغداوە گەڕاوەتەوە و پشکنینی هەر شەش کارمەندەکە نێگەتیڤ بووە و کەسیان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نین.

مەرزى پەروێزخان داواشى لە سەرجەم شۆفێر و بازرگان و فەرمانبەر و کرێکار و کارمەندانی نێو حەرەمی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان کردووە، "پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر، بۆ ئەو مەبەستەش چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێکارە تەندروستییەکان لە دەروازە سنورییەکانى هەرێم توندکراونەتەوە و لەژێر چاودێریی تەندروستى و ئاسایشدا ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەکرێت.