سەردێڕ:

سەندیکاى رۆژنامەنوسان: هێزە ئەمنییەکان رێگری لە رۆژنامەنوسان دەکەن

فۆتۆ: 
2020-03-25

1659 جار خوێندراوەتەوە

سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان رایگەیاند، رۆژنامەنوسان بریاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی ناوەوە و دەرەوەی پارێزگا و شارەکان نایانگرێتەوە، بەڵام بەردەوام رۆژنامەنوس سکاڵا تۆمار دەکەن و رێگریان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لێ دەکرێت.

لە راگەیەندراوێکدا لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی ڕۆژنامەنوسانى سەر بە سەندیکاکە، ئاماژەى بەوەکردووە، رۆژنامەنوسان پێشێلکاری جۆراوجۆریان بەرامبەر دەکرێت و داوکارین لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێز لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ و پاراستنی ئازادی رۆژنامەنوسی و شکۆی رۆژنامەنوسان بگرن.

روونیشیکردووەتەوە، "رۆژنامەنوسان بەردەوام وەک سەربازێکی ون لە هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا زانیاریەکان بۆ وەرگران دەگوازنەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرەڕاى ئەوەى بە بڕیارى وەزارەتى ناوخۆ قەدەغەى هاتوچۆ رۆژنامەنووسان ناگرێتەوە، بەڵام چەند رۆژنامەنوسێک رێگرییان لێکراوە بۆ هاتوچۆکردن کە یەکێکیان هەکار ئامێدى رۆژنامەنوس و بێژەری ئێن ئاڕ تى بوو کە رۆى ١٤ى ئەم مانگە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانییەوە لە بازگەی سیتەک رێگەیان نەدا بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکانى بچێتە کەناڵەکە و بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرا و سوکایەتى پێکرا.