سەردێڕ:

وەزیری کشتوکاڵ: بەرهەمهێنانى هێلکە پێداویستیى ناوخۆ پڕناکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-03-25

18305 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم رایگەیاند، بەرهەمهێنانى هێلکە لە هەرێم بەشی پێداویستى ناوخۆیی ناکات، بۆیە نرخەکەی بەرزبووەتەوە و بەرزبوونەوەى نرخى پیازیش بەهۆى کەمى هەناردەکردنییەوەیە لە لایەن ئێرانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بێگەرد تاڵەبانى وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لە میانەى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تاوتوێی ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، "بڕیارى قەدەغەکردنى هێلکە لە لایەن حکومەتى ئیتیحادییەوە دراوە و لە ئێستادا لەگەڵ ئەنجومەنى وەزیران لە هەوڵدان بۆئەوەى دەرگایەک بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە بکرێتەوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، "بەرزبوونەوەى نرخى پیاز بەهۆى زیادکردنى باجە لەسەریان لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەوەى کەمتر هاوردەى هەرێم بکرێت، بەڵام لە هەوڵدان لە رێگەیەکى دیکەوە پیاز هاوردەى هەرێم بکرێت".

باسی لەوەشکرد، "لەم کاتەدا جوتیار و خاوەن پرۆژەکانی کشتوکاڵ فۆرمی رێگەپێدانیان پێدەدرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتمان ، ئاسانکاریش بۆ جوتیاران و خاوەن پرۆژە کشتوکاڵییەکان دەکەین ھەتا بەرھەمی ئەمساڵیان نەفەوتێت".

دەربارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمیش ئاماژەی بەوەکرد، "ھەماھەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق ھەیە ھەتا ئەمساڵ گەنمی جوتیاران وەربگرێت".

ڕوونیشیکردەوە، "بەرنامەی وەزارەتەکەمان ئەوەیە نرخی مریشک ھەرزانتر بکات و ھاوکاری کێڵگە پەلەوەرییەکان بکات، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانیشمانەوە کارئاسانی بۆ خاوەن ئاژەڵەکان دەکرێت ھەتا بچنە گوندەکان بۆ کاری خۆیان".

دەربارەی موچەی فەرمانبەرانیش رایگەیاند، "ناکرێت بەھۆی ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە موچەی فەرمانبەران نەدرێت یان دوابکەوێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس لە موچەی فەرمانبەران نەکراوە و ھەوڵێکی جدی ھەیە ھەتا حکومەت موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا بدات، لە ئێستادا پلانی حکومەت تەنھا بیر لە تێپەڕپوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکاتەوە بە زیانێکی کەم".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سەرەڕای داخستنی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران و تورکیادا، بەڵام هێشتا جوڵەی باززگانی لە دەروازەکاندا بەردەوامە، لەگەڵ بەشێکی هاوڵاتییان باس لەوە دەکەن، بەشێک لە پێداویستییەکانیان کەمتر دەستدەکەوێت.