سەردێڕ:

​ئەمریکا لەبارەی نرخى نەوتەوە داوایەک لە سعودیە دەکات

فۆتۆ: 
2020-03-25

11934 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە تەلەفۆن داواى لە محەممەد بن سەلمان شازادەى جێنشینى سعودیە کردووە، بارودۆخى بازاڕى وزەى جیهان ئاسایى بکاتەوە دواى ئەو دابەزینە زۆرەى نرخى نەوت بەخۆیەوە بینیوە.

روسیا تودەى بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە مۆگان ئورتاگۆس وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیەدا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان شازادەى جێنشینى سعودیە باسى لە دابەزینى نرخى نەوت لەبازاڕەکانى جیهاندا کردووە و پۆمپیۆ داواشى لە بن سەلمان کردووە بازارى نەوت ئاسایى بکاتەوە، بێ ئەوەى ئاماژە بە میکانیزم و چۆنێتى ئاسایکردنەوەکە بکرێت.

بە پێى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، هەردوولا جێگیربوونى نرخى نەوت و ئاسایى بوونەوەى بازاڕى وزەیان بە پێویست زانیوە، پۆمپیۆ جەختی لەوەشکردووەتەوە کە "سعودیە هەلێکى باشى بۆ ئاسایکردنەوەى بازارى نەوت و جێگیرکردنى نرخەکەى هەیە، چونکە یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرانى نەوتى جیهان و لەو رووەوە دەتوانێت رۆڵی کاریگەرى لەسەر نرخى نەوت و رێڕەوى بازارى وزەدا هەبێت.

 هاوکات، ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و شازادەى جێنشینى سعودییە باسیشیان لە رەوشى تەندروستى ئێستاى هەردوو وڵات کردووە و لەبارەى مەترسیەکانى کۆرۆناوە نیگەرانى و مەترسى خۆیان دەربڕیوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و ئاڵۆزییە سیاسییەکانى نێوان وڵاتانى ئەندام لە ڕێکخراوى ئۆپیک بە گشتى و بەتایبەتى گرژییەکانى نێوان مۆسکۆ و ڕیاز لە چەند هەفتەى رابردوودا نرخى نەوت بۆ نزیکەى ٢٥ دۆلار دابەزی و لە %٣٠ى نرخەکەى لەدەستدا.


‌بەپەلە