سەردێڕ:

دواین زانیاری لەبارەی گەیشتنی پارەی بەغدا و دابەشکردنی موچەوە

موچەى مانگى ١٢
فۆتۆ: 
2020-03-25

191329 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هێرش قادر، ئومێد محەمەد

سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق لە هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا پارەکەی بەغدا بەدەستیان نەگەیشتووە  و وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، کەی پارەی بەغدا بگات موچە دابەشدەکەن، وەزارەتی دارایی عێراقیش رایگەیاند، کەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران تەواوبوو پارەکەی هەرێم دەنێرن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا پارەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنی موچەی وەزارەتێکی وەکو پەروەردە و کەی پارەی بەغدا بگات موچە دابەشدەکەن.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت، ئەو پارەیەی ئێستا لەبەردەستیاندایە بەشی موچە ناکات و پارەی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دهۆکیش لەو پارەیە خەرجدەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرەڕای راگرتنی دەوام و قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام ئەمڕۆ بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دەوامیان کردووە و دەشڵێت، کەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی عێراق تەواوبێت پارەکەی هەرێم دەنێرن.

ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە، پێدەچێت لە ماوەی هەفتەیەکدا موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکەن و ئەوکات پارەی هەرێم دەنێرن.

ئەو قسانەی وەزارەتی دارایی هەرێم لە کاتێکدایە، بڕیاربوو دوای دابەشکردنی موچەی وەزارەتی تەندروستیی، موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووی وەزارەتی پەروەردە دابەشبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دابەشنەکراوە.

لە رۆژی ٨ی ئازاری ساڵی رابردوودا پاشەکەوتی موچە هەڵگیرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ١٢ موچەی بێ پاشەکەوتی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشکراوە و لەگەڵ هاتنی کۆرۆنادا یەکەم وەزارەت موچەی وەزارەتی تەندروستیی دابەشکرا کە ئەوە ١٣هەمین موچەی ئەو وەزارەتەبوو بەبێ پاشەکەوت دابەشبکرێت و دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی دیکە راگیراوە.




‌بەپەلە