سەردێڕ:

ئەمەریکا بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا یارمەتی دارایی عێراق دەدات

فۆتۆ: 
2020-03-25

8310 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەى لە رێگەى سندوقی نەختینەی فریاگوزاری بۆ نەخۆشیە گوازراوەکانی سەر بە ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بڕی ٦٧٠ هەزار دۆلاری ئەمەریکی بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، (کۆڤید-١٩) لە عێراق تەرخان کرد.

ماسیو تولەر باڵیۆز ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، "ئەم هاوکارییەى ئەمڕۆ دەرخەری پەیوەندى بەهێزی نێوان ئەمەریکا و عێراقە، ئێمە پابەندین بە جەنگان دژی ئەو پەتا جیهانیە هاوشان لەگەڵ خەڵکی عێراقدا، ئەم پشتیوانیانە کە لە رێی رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دابینکراون راستەوخۆ پەرە بەتواناکانی وڵات دەدەن لە جەنگان دژی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩، ئەو کۆمەکانە هاوکاردەبن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پلانی ستراتیژی ئامادەسازی و وەڵامدانەوە بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتانەی تیایاندا بڵاوبۆتەوە یان لە مەترسیدان، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی لە سەرجەم وڵاتان ."

ئاماژەى بەوەشکرد، "بۆ چەندین دەیەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەورەترین بەخشەر بووە لە جیهاندا بۆ کۆمەکى دوو لایەنە بۆ تەندروستی گشتی. لە ساڵی ٢٠٠٩ وە و لەڕێی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوەوە، باجدەرانی ئەمەریکا بە بەخشندەییەوە زیاتر لە ٩٠ ملیار دۆلاریان بۆ بواری تەندروستی لەسەر ئاستی جیھان دابینکردووە ."

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو هاوکارییانە ئەو کەسانەشی پاراستووە کە مەترسی نەخۆشیان لەسەر بووە، دامەزراوە تەندروستییەکانی دروستکردووە و پەرەی بە سەقامگیری کۆمەڵگاکان و گەلان داوە، لەو ژمارەیەش، لە ساڵی ٢٠٠٩ وە ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی زیاتر لە ١.١ ملیار دۆلاری بۆ رێگەگرتن و دۆزینەوە و وەڵامدانەوەی پەتا و سەرهەڵدانی مەترسی تەندروستی تەرخانکردووە بە کۆڤید-١٩ شەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا ٣١٧ توشبووی کۆرۆنا لە عێراقدا تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش ٢٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٥ کەسیش بەتەواوی چاکبوونەتەوە.