سەردێڕ:

دەرئەنجامی ئەو دەرمانانەی لە چارەسەری کۆرۆنادا بەکاردێن چین؟

فۆتۆ: 
2020-03-25

13714 جار خوێندراوەتەوە

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، پزیشکەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی دەرمانێک و پێکوتەیەکی گونجاودان بۆ نەخۆشییەکە و تا ئێستاش چەند جۆرێکی دەرمان بەکارهاتووە.

بەشێکی دەرمانەکان هێشتا لە ژێر تاقیکردنەوەدان و دەرئەنجامەکانیان دەرنەچووە، ئێستاش پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر سەرھەڵدانی نەخۆشییەکەدا، چەند دەرئەنجامێکی سەرەتایی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانەکان لەلایەن وڵاتانەوە دراوە بە دەستەوە و سێ لەو دەرمانانەش بریتین لە، "کلۆرۆکین یان هایدرۆکسی کلۆرۆکوین، فاڤیپراڤیر، لۆپیناڤیر و ریتانۆڤیر."

کلۆرۆکوین یان هایدرۆکسی کلۆرۆکوین:

ئەم دەرمانە تەمەنی ٩٠ ساڵە و بۆ نەخۆشی مەلاریا بەکاردەهێنرێت، لە سەرەتاکانی مانگی سێی ئەمساڵدا پزیشکەکانی فەرەنسا ئەم دەرمانەیان بۆ ٢٦ توشبووی کۆرۆنا بەکارهێنا، لە رۆژێکدا بە سێ جار دەرمانەکەیان پێدەدرا، کە بە کۆی گشتی دەگەیشتە ٢٠٠ ملیگرام لە ١٠ رۆژدا، هەندێک کەسیش بەشێک دەرمانیان لەگەڵدا وەردەگرت بە ناوی زیسرۆماکس.

پاش شەش رۆژ لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانە، کاریگەرییەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر جەستەی ئەو نەخۆشانە کەمتر دەردەکەوت بە بەراورد بەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارنەهێنابوو، بەڵام هێشتا بە تەواوی دانی پیادا نەنراوە و لەو بارەیەوە ئەنتۆنی فاوچی سەرۆکی پەیمانگای نیشتیمانی هەستیاری و نەخۆشییە درمییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان باسی لەوەکردووە، "هێشتا هیچ بەڵگەیەکی تەواو لەسەر چالاکی و کاریگەرێتی دەرمانەکە بوونی نییە".

هاوکات، پزیشکانیش ئامۆژگاری سەرجەم خەڵک دەکەن بەوەی هیچ کاتێک ئەم دەرمانە بەبێ ئامۆژگاری پزیشک بەکارنەهێنن و تەنها لە ژێر رێنمایی پزیشکەکاندا بێت، چونکە کاریگەری دروستدەکات لەسەر لێدانەکانی دڵ.

فاڤیپراڤیر:

بەشێک لە راپۆرتە پزیشکییەکان ئەوەیان باسکردووە، بەرپرسانی چین ئەم دەرمانەیان بە دژە ڤایرۆس وەسفکردووە کە لە ژاپۆن دروستکراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە بەشێوەیەکی دیار کاریگەری هەبووە.

پزیشکانی چین ئەم دەرمانەیان لەسەر گروپێک کە لە ١٢٠ نەخۆش پێکهاتووە تاقیکردووەتەوە، گروپێکی دیکەش لە نەخۆشەکان لە روسیا دەرمانی یومیفینۆڤیریان بۆ بەکارهێناون، کە ئەمە ناوە بازرگانییەکەی دەرمانی ئاربیدۆڵە و دژە بەکتریایە.

پزیشکەکان تێبینیان کردووە، کە تا و کۆکە لە توشبووەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بە بەکارهێنانی فاڤیپراڤیر، بەڵام بەشێکی توشبووانی هەردوو گروپەکە بەهۆی هەوکردنی سییەکانیانەوە پێویستیان بە بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدان بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی پزیشکەکان بەکارهێنانی دەرمانی فاڤیپراڤیریان لەلا پەسەندترە وەک لە دەرمانی ئاربیدۆڵ.

لۆپیناڤیر و ریتۆناڤیر:

پزیشکەکان ئەم دوو دەرمانە بۆ نەخۆشانی ئایدز بەکاردەهێنن، لە توێژینەوەیەکدا لە چین کە لەسەر ١٩٩ نەخۆش بە شێوەی هەڕەمەکی ئەنجامدراوە، بەشێکیان لۆپیناڤیر و بەشەکەی دیکەشیان ریتۆناڤیریان بۆ بەکارهێناون، کە بۆ ماوەی دوو هەفتە و رۆژی دوو جار پێیان دراوە، لەگەڵ ئەمەشدا گروپێک لە نەخۆش لەژێر چاودێری ئاساییدا دایان ناون.

بەڵام بەپێی دەرئەنجامەکان، بەکارهێنانی دەرمانەکان هیوابەخش نەبوون، چونکە %٢٠ی نەخۆشەکانی ناو توێژینەوەکە گیانیان لەدەستداوە، بەپێی کۆتا دەرئەنجامەکانیش دەرمانی سەرەکی لێرەدا لۆپیناڤیرە، چونکە سەلمێنراوە کە کاریگەری لەسەر ڤایرۆسی مێرس هەیە، دەرمانەکە ڤایرۆسەکە لە جوڵە دەخات و دەردانی ئەنزیمی پرۆتیز رادەگرێت.

هـ.ئـ