سەردێڕ:

تەندروستیی سلێمانی: ئەم تەکنیکە بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنین

فۆتۆ: 
2020-03-25

42320 جار خوێندراوەتەوە

بەرێوەبەری تەندروستى سلێمانی ڕایگەیاند، پلازمای خوێنی چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا  وەک چارەسەر بۆ توشبووانی دیکە بەکاردەهێنن.

سباح هەورامی بەرێوەبرەی تەندروستى سلێمانی ڕایگەیاند،"ماوەی چەند هەفتەیەکە بە گفتوگۆو راگۆرینەوەی زانستی  لەگەڵ کۆمەڵێک پزیشکی پسپۆر دەربارەی بەکارهێنانی پلازمای چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا  وەک چارەسەر بۆ توشبووان، وە پاش پەسەنکردنی لەلایەن دەزگای خواردن و دەرمانی ئەمریکی (FDA)، بۆیە بریارماندا  لەمەولا ئەم تەکنیکە بەکاربهێنین بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە، "ئەم تەکنیکە بۆ ئەو نەخۆشانە بەکاردەهێنین کە باری تەندروستیان ناجێگیرە لە سلێمانی وەک هەوڵێک بۆ چارەسەری نەخۆشەکان، بە ئومێدی چارەسەر بۆ تووشبوان، هیوادارین ئەم تەکنیکە کلاسیکیە سوودی هەبێت".  

پلازمای خوێن یاخود خرۆکە سپییەکان کە هێزی بەرگری ناو خوێنی لەشی مرۆڤن و بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر ڤایرۆس و تەنە نامۆکانی  ناو جەستە و بەرهەمهێنانەوەی دووبارەی خڕۆکەى سپی و سور.

هەر لە کۆنەوە ئەو تەکنیکە ناسراوە کە کەسێک لە نەخۆشییەک چاکدەبێتەوە ئەوا سیستمی بەرگری ئەو کەسە ڤایرۆسەکە دەناسێت و دەتوانێت بەسەریدا  زاڵبێت و بۆیە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی ئەو بۆ نەخۆشەکانی دیکەش دەکرێت هاوکاری سیستمی بەرگری ئەوانیش بکات.