سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: حکومەتی ھەرێم مافی خەڵک بدە ئەوجا ئەرک بخەرە سەر شانیان

فۆتۆ: 
2020-03-25

7909 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، "حکومەتی ھەرێم مافی خەڵک بدە ئەوجا ئەرک بخەرە سەر شانی ھاوڵاتیان."، دەشڵێت، لەئێستادا حکومەتی ھەرێم چوار موچەی موچەخۆران قەرزارە بەبێ ھیچ ھۆکارێکی باوەڕ پێکەر موچە دابەش ناکات.

کاوە عەبدولقادر لە پەیجى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نوسیویەتى، "ھەموومان لەمەترسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا تێدەگەین ھەر ئەمەش وایکردووە، ھەموو لایەک بەئۆپزسیۆن و دەسەڵاتەوە پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان وبڕیارەکانی حکومەت بین، بەڵام ناکرێ لەو دۆخە سەختە ھاوڵاتیان لەماڵەوە بەند بکەیت و موچەیان پێ نەدەیت."

پرسیاری ئەوەشى کردووە، "ئەی بۆچی حسابی ئەو خەڵکە ھەژار و کەمدەرامەتە ناکەیت کەبژێوی ژیانیان لەسەر کاری ڕۆژانەیە و ئەگەر ڕۆژێک کار نەکەن ناتوانن پێداویستیەکانی ژیانیان دابینبکەن؟"

راشیگەیاندووە، "ئەمڕۆ پیاوێکی خانەنشینی بەساڵاچوو  تێلی بۆ کردم دەگریا لەتاو ژیانی کولە مەرگی خۆی تکای دەکرد ھەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی حکومەت موچەی خانەنشینی دابەشبکات، بڕوا بکەن دڵم ژانی دەکرد بۆی نەمزانی چۆن نانی نیوەڕۆم خوارد. مامۆستایەکی گەنجیش نامەی ناردوە دەڵێ، پارەم نیە شیر و دایبی بۆ مناڵەکەم بکڕم نازانم چی بکەم؟"

ئەو پەرلەمانتارەى نەوەى نوێ ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمە نمونەی سەدان ھەزار ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستانە کە لەبارودۆخێکی سەخت ژیان دەگوزەرێنن، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە حکومەت موچەی مانگی ١٢ى ساڵی ڕابردوو دابەشبکات، چیتربەیانوی ئەو بارودۆخە دواینەخات. دەیان ڕێگا ھەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەشیوەیەکی تەندروست بەبێ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی موچەخۆران دروستبێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە بیانوى قەدەغەى هاتوچۆوە، تا ئێستا حکومەتى هەرێم موچەى مانگى ١٢ى زۆربەى فەرمانبەرانى هەرێمى دابەشنەکردووە.