سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: کەناڵێکی پەروەردەیی ئاسمانى دەکەینەوە

فۆتۆ: 
2020-03-24

9583 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ ڕایگەیاند، لە چەند رۆژى داهاتوودا کەناڵێکى پەروەردەیی بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان دادەمەزرێنن و ئەگەر وەزارەتى پەروەردەش بیەوێت کەناڵەکە دەخەنە بەردەستیان.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە پەیامێکدا لە تۆرى کۆمەڵایەتى فەیسبووک رایگەیاند، کەناڵەکە پەروەردەیی دەبێت و لە کاتژمێر نۆى بەیانییەوە پەخشى کەناڵەکە دەستپێدەکات و تیایدا وانەکانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی دەوترێتەوە.

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ستافی پەروەردەیی و میدیایی کەناڵەکە هەوڵدەدەن کات بگونجێنن بۆ وتنەوە و پەخشکردنى وانەکانی پۆلەکانی تر.

ڕاشیگەیاندووە، هیوادارە وەزارەتی پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار ئەگەر دەیانەوێت خۆیان سەرپەرشتی مامۆستایان و چۆنێتی وانەوتنەوەکان و مەنهەجەکە بکەن، ئەوا ئەوان کەناڵەکە و پێداویستییەکان دەخەنە بەردەستیان لە پێناو خزمەتی گەنجان و منداڵانی خۆشەویست و بەفیڕۆنەدانی خوێندنی ئەمساڵیان.

دامەزراوەى میدیایی نالیا لە ئێستادا خاوەنى پێنج کەناڵى ئاسمانى و رادیۆیەک و دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تییە و بڕیاریشە لە چەند رۆژى داهاتوودا کەناڵێکى تایبەت بە پەروەردەیی بکاتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، حکومەتى هەرێم سەرجەم دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵاى راگرت و بەمەش پرۆسەى خوێندن لە هەرێم دوادەکەوێت.