سەردێڕ:

وەزیری پەروەردەی هەرێم: خوێندنى ئەمساڵ نافەوتێت

فۆتۆ: 
2020-03-24

503999 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، دڵنیایی دەدەنە خوێندکاران ساڵی خوێندنی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ نافەوتێت و پلان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەیان و دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "دڵنیایی دەدەینە هەموو خوێندکاران و قوتابییانی کوردستان، ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ نافەوتێت و پلان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەیان، لەکاتی پێویستدا لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پلانە پێشنیارکراوەکان تاوتوێ دەکات و بڕیاریان لەسەر دەدات".

راشیگەیاند، "ئێمە پلانی پێشنیارکراومان ئاڕاستەی لیژنەکە کردووە، کە بە شێوەیەکی قۆناغبەندییە، لەو کاتانەی کە پێویستە هەڵسەنگاندنی تەندروستی رەچاوبکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام، دەوامی قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە".

باسی لەوەشکرد، "لە ئێستادا %١,٣٠ی دانیشتووانی هەرێم لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن"، ئاماژەی بەوەشكرد، "لە ڕوانگەی پاراستنی قوتابی و مامۆستایان و فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم لە ٢٥ی شوباتدا بڕیاریدا بەوەی لە ٢٦ی شەباتەوە دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەت رابگیرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن راگیراوە و هاوڵاتییانیش پرسیاری ئەوەیان هەیە ئاخۆ خوێندنی ئەمساڵ دەفەوتێت یان قەرەبوودەکرێتەوە.

هـ.ئـ



 

‌بەپەلە