سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. یەکێک لە نامۆترین و سەرنجڕاکێشترین پردەکانی جیهان

فۆتۆ: 
2020-03-24

21707 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتی یابان هەمیشە بەردەوامە لە داهێنانە سەرنجڕاکێشەکانی، پردی ئیشیما ئوهاشیش یەکێکە لەو داهێنانانە، کە بە یەکێک لە نامۆترین و سەرنجڕاکێشترین پردەکانی جیهان دادەنرێت.

یابان، ئەو وڵاتەى بەهۆى داهێنان و پێشکەوتنەکانییەوە بە هەسارەیەکى دیکە ناودەبرێت، بە جۆرێک هەندێک لە پێشکەوتن و داهێنانەکانى خەیاڵی تێپەڕاندووە.

پردی (ئیشیما ئوهاشی) لە یابان کە نزیکەى ٧٠٠ کیلۆمەتر لە تۆکیۆى پایتەختى وڵاتەکەوە دوورە، بە یەکێک لە نامۆترین و سەرنجڕاکێشترین پردەکانی جیهان دادەنرێت، کە بەهۆی شێوە چەماوەییەکەیەوە، دەتوانێت ترس بخاتە دڵی هەر شۆفێرێکەوە هەرچەندە بە ئەزموون و لێهاتووش بێت، کاتێکیش هەرکەسێک بۆ یەکەمجار وێنەی پردەکە دەبینێت، دەپرسێت ئاخۆ بۆچی بەم شێوەیە دروستکراوە.

نامۆیی پردەکە و شێوە سەرنجڕاکێشەکەی، وایکردووە وێنەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە جیهاندا بڵاوببێتەوە و ناوبانگێکى زۆر پەیدابکات.

ئەم پردە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠٠٤ بونیاتنراوە و هەردوو شاری (ماتسۆ) و (ساکایمیناتۆ) پێکەوە دەبەستێتەوە، درێژییەکەی ١.٧ کیلۆمەترە و پانییەکەشی ١١.٤ مەترە، هاوکات بە گەورەترین پرد لە وڵاتی یابان و بە سێیەم بەرزترین پرد دادەنرێت لە جیهاندا.

وێرای ئەوەی پردەکە بەشێوەیەکی ترسناک و مەترسیدار دێتە پێش چاو، بەڵام لە ڕاستیدا لەوپەڕی سەلامەتیدایە و هاوڵاتییان ڕۆژانە بە ئۆتۆمبێلەکانیان بێ هیچ گرفتێک بەسەریدا تێپەڕدەبن.

هۆکاری دروستکردنی ئەم پردە بەم شێوە نامۆیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە مەودایەکی گونجاو هەبێت بۆ تێپەڕبوونی کەشتی گەورە بە ژێریدا لە ڕێگای دەریاچەی ناکۆمییەوە، بەو پێیەی لە لایەکییەوە ڕێژەی چەماوییەکەی ٦.١% و لە لایەکەی دیکەوە ٥.١%.

کاتێک لە چەند گۆشەیەکی جیاوازی دیکەوە تەماشای پردەکە دەکەیت، دەبینیت کە پردێکی ئاساییە و هیچ مەترسیدار نییە، بەڵام لە هەدنێک گۆشەی دیکەوە کە لێی بڕوانیت و چ گۆشەیەک هەڵبژێری، ئەوە بڕیار دەدات کە پردەکە مەترسیدار بێتە پێش چاو یان وەکو پردێکى ئاسایی.