سەردێڕ:

فڕۆکەخانەى سلێمانی: هەموو ئەوانەی گەڕاونەتەوە پشکنینیان بۆ کراوە

فۆتۆ: 
2020-03-24

13662 جار خوێندراوەتەوە

فڕۆکەخانەى سلێمانی ڕایگەیاند، ئه‌و هاوڵاتییەى کە دانیشتوى دەربەندیخانە، له‌  ٦ى ئازارى ٢٠٢٠، له‌ ڕێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانیيه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌لايه‌ن تيمه‌كانى ته‌ندروستیيه‌وه‌ پشكنين بۆ ئه‌و و سه‌رجه‌م سه‌رنشينه‌كانى دیکەی ناو فڕۆكه‌كه‌ كراوه.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ى ئازارى ٢٠٢٠، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، له‌و بەروارەى ئەو هاوڵاتییە گەڕاوەتەوە، هيچ فه‌رمانێكى ليژنه‌ى باڵا نه‌بووه‌ بۆ كه‌ره‌نتينه‌كردنى هه‌ر هاوڵاتيه‌ك كه‌ له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاوه‌ بگەڕێنەوە، جگه‌ له‌ وڵاتى ئیتاڵيا. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ته‌واوى سه‌رنشينه‌كانى ناو فڕۆكه‌كه‌ هيچ ئاماژه‌يه‌كى توشبوون به‌ ڤايرۆسيان نه‌بووه‌ و فڕۆكه‌خانه‌ش‌ به‌بێ بوونى فه‌رمان ناتوانێت ڕێگرى له‌ هيچ گه‌شتيارێك بكات كاتێك له‌ پشكنين ده‌رده‌چن و هيچ كێشه‌يه‌كيان نه‌بێت.

ئاماژەبەوەشکراوە، "دڵنيايی ده‌ده‌ينه‌ هه‌موولايه‌ك ئه‌و هه‌واڵه‌ ناڕاست و چه‌واشه‌كاريانه‌ دوورن له‌ ڕاستیيه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و په‌لاماردانانه‌ نه‌ك ساردمان ناكاته‌وه،‌ به‌ڵكو تاوى زياترمان ده‌دات بۆ خزمه‌تكردنى گشتى."

باسلەوەشکراوە، فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى له‌ ژێر بڕيار و به‌يانه‌كانى ليژنه‌ى باڵاى ڕووبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا كارده‌كات و هه‌ر بڕيار و به‌يانێك له‌وانەوە ده‌رچووبێت ده‌ستبه‌جێ له‌ فڕۆكه‌خانه‌دا جێبه‌جێكراوه‌.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، هاوڵاتیەکى قەزاى دەربەندیخان پاش گەڕانەوەى لە وڵاتى سوید هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنا بووە، ئەوەش وایکرد بەشێک لە هاوڵاتیان ناڕەزایەتى دەرببڕن لە میکانیزمى فڕۆکەخانە کە چۆن ڕێگەدراوە هاوڵاتیەک بە بێ ئەوەى کەرەنتینە بکرێت، بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەى.

‌بەپەلە