سەردێڕ:

​تەندروستی جیهانی: نابێت تەنیا بەرگری بکەین بەڵکو پێویستە هێرشبکەینە سەر کۆرۆنا

مەترسییەکانی کۆرۆنا
فۆتۆ: 
2020-03-24

9611 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، "نابێت تەنیا بەرگری بکەین، بەڵکو بۆ بردنەوە، پێویستە بە تۆکمەیی هێرشبکەینە سەر ڤایرۆسەکە."

تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند، "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەبێت ئێمە چیبکەین؟ تۆ ناتوانیت یارییەکی تۆپی پێ ببەیتەوە ئەگەر تەنیا بەرگری بکەیت، بەڵکو پێویستە لەگەڵیشیدا هێرشبکەیت.

لە کۆبوونەوەیاندا، کەمپەینێکیان لەژێر ناوی "تێهەڵدانی کۆرۆنا بۆ دەرەوە" رێکخست کە تێیدا، یاریزانانی تۆپی پێ هانی خەڵکی دەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان و خۆپارێزیی.

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی راشیگەیاند، "هێرشکردنەکەمان دەبێت بەجۆرێک بێت کە هەموو گومانلێکراوانی کۆرۆنا بپشکنین، هەموو توشبوویەک جیابکەینەوە و بە شوێن هەر کەسێکدا بگەڕێین کە لێکەوتەی توشبووەکان بێت و کەرەنتینەی بکەین."

هاوکات، ئەگەرچی داتاکان پێمان دەڵێن بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەماوەی ٦٧ رۆژدا گەیشت بە ١٠٠ هەزار کەس، لە ١١ رۆژدا بە ٢٠٠ هەزار و تەنیا بە چوار رۆژە گەیشت بە ٣٠٠ هەزار، بەڵام دکتۆر ئادهانۆم دەڵێت، "هێشتا دەکرێت هاوکێشەکە بگۆڕین و رێی لێبگرین."

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٦ هەزار و ٥٦٨ کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ ٣٨٢ هەزار و ٣٤١ کەس بەرزبووەتەوە. هاوکات، تا ئێستا ١٠٢ هەزار و ٥٠١ کەس لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.