سەردێڕ:

​ئایا دەرمانە چینییەکە تورکیا لە کۆرۆنا رزگاردەکات؟

فۆتۆ: 
2020-03-24

11306 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، دەرمانێکی تایبەتییان لە وڵاتی چینەوە بەدەستگەیشتووە و توشبووانی کۆرۆنای پێ چارەسەر دەکەن.

فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، "دەرمانێکی تایبەتیمان لە چینەوە بەدەستگەیشتووە کە چاوەڕێدەکرێت کاریگەرییەکی باشی لەسەر دۆخی نەخۆشەکانی کۆرۆنا هەبێت و ماوەی چارەسەرکردنیان لە ١١-١٢ رۆژەوە بۆ چوار رۆژ کەمدەکاتەوە.

راشیگەیاند، ٥٠ هەزار کیتی پشکنینی خێرایان لە چینەوە بەدەستگەیشتووە و تا رۆژی پێنجشەممەش، چاوەڕێدەکەن ٣٠٠ هەزار دانەی دیکەیان بەدەستبگات.

ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا لە قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ٣٢ هەزار کارمەندی تەندروستی دیکە دەخاتە سەر کار.

باسی لەوەشکرد، تورکیا چیتر رێگەنادات کارگەکانی ناوخۆ دەمامک بنێرنە دەرەوەی وڵات، چونکە وڵاتەکە خۆی پێویستییەتی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، دیارنییە ئەو دەرمانەی تورکیا باسی دەکات، هەمان ئەو کلۆرۆکوینە بێت کە چەند رۆژێکە هەموو  جیهان باسی دەکات یان نا، بەڵام ئەو دەرمانە هێشتا تاقیکردنەوەی ماوە تا ١٠٠% بسەلمێندرێت کە بەکارهێنانی گونجاو و سەلامەتە.

ئەگەرچی تورکیا درەنگتر لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای لێ تۆمارکرا، بەڵام بە زوویی لە ئاماری توشبووندا پێشی وڵاتێکی وەکو عێراق کەوتووە و نمونەی ئیتاڵیاش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هەموو وڵاتانی دنیا.

ژمارەی توشبوون لە تورکیادا بۆ هەزار و ٥٢٩ کەس و گیانلەدەستدانیش بۆ ٣٧ کەس بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ حاڵەتێکی چاکبوونەوە تۆمارنەکراوە.