سەردێڕ:

هەولێر.. هاتوچۆی پیادەش قەدەغەکرا

مەترسییەکانی کۆرۆنا
فۆتۆ: 
2020-03-24

12625 جار خوێندراوەتەوە

ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەڕۆوە هاتوچۆی پیادەش بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە ونابێت هاوڵاتیان بێنە دەرەوە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای پارێزگای هەولێر لە دوای کۆبوونەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "جگە لەقەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێل، هاتوچۆی پیادەش لەسەرجەم کۆڵانەکانی قەزا و ناحییەکان و ناوەندی شاری هەولێر قەدەغەیە، تەنها بۆ حاڵەتی کڕینی خۆراک و پێویستی زۆر زەرور نەبێ، هیچ کەسی تر ڕێگە پێدراو نییە، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی هێزە ئەمنییەکان بڵاوەی پێکراوە، هەرکەسێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە".

ئەوەشی تێداهاتووە "سەرجەم مارکێت و سەمونخانە و نانەواخانەکان، ئەو شوێنانەی ڕێگەی کارکردنیان پێدراوە، پابەندنی تەواوی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دادەخرێن."

لە کۆتایشدا ڕایگەیاندووە، "داواکارین لە تەواوی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر، پابەندبن بە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ و ڕێنماییە تەندروستیەکان جێ بەجێ بکەن و لەماڵەکانیان بمێنەوە".

 ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەى ١٠ ڕۆژە قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەشارەکانی هەرێم ڕاگەیەندراوە و تا ڕۆژى ١ی نیسان بەردەوام دەبێت.