سەردێڕ:

پێنج پێشکەوتنی "دڵخۆشکەر" لەبارەی کۆرۆناوە

فۆتۆ: 
2020-03-24

115504 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە ژمارەی گیانلەدەستدان و توشبووان لە جیهاندا بەھۆی کۆرۆناوە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام چەند ئاماژەیەکى دڵخۆشکەر هەن کە دەکرێت مەترسییەکانى ڤایرۆسەکە کەمبکەنەوە.

لەماوەی سێ مانگی رابردوودا ھەواڵەکان زۆری گیانلەدەستدان بووە بەھۆی کۆرۆناوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند پێشکەوتنێکی دڵخۆشکەر و ئەرێنی ھەیە لەوانە:

١-ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ زیاتر لە ١٥ ھەزار کەس بەرزبووەوتەوە لەکاتێکدا ژمارەى توشبووان ٣٥٠ هەزار کەسى تێپەراندووە، ئەوەش دەریدەخات ڤایرۆسەکە %٤,٢٨ى توشبووان گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسى سارس لە ٢٠٠٣ بەڕێژەى %١٠ى توشبووانى کوشتووە و ئیبۆلا لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ دا زیاتر لە %٩٠ى توشبووانى گیانیان لەدەستداوە، بەوەش دەردەکەوێت مەترسییەکانى کۆرۆنا کەمترە لەو ڤایرۆسانەى پێشوو.

٢- پزیشکەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەى بەهێزکردنى سیستمى بەرگرى لەشیانەوە بە خواردنى ترشەمەنییەکان و گوێز و سیر و برۆکۆلى خۆیان لە ڤایرۆسەکە بپارێزن.

٣- راپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە %٩٠ى توشبووانى کۆرۆنا چاکدەبنەوە و ڕێژەى مردنى توشبووان زۆر کەمە.

٤- چەند چارەسەرێک تا ئێستا سەرکەوتنى ڕێژەییان لە چارەسەرکردنى توشبوواندا بەدەستهێناوە، لەوانەش چەند چارەسەرێکى چینى و یابانى، وڵاتى چین باس لەوە دەکات لە مانگى داهاتوودا پێکوتەیەک بۆ کۆرۆنا بەدەستدەهێننجگە لەوەش چەند کۆمپانیایەکى ئەمریکى و ئەڵمانى کار بۆ بەدەستهێنانى چارەسەرێکى یەکجارەکى لە زووترین کاتدا دەکەن.

٥- دەرکەوتووە ڕێکارى کەرەنتینەکردن و لەماڵەوە مانەوە کاریگەرییەکى باشى هەبووە لە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە، بەجۆرێک ئەمڕۆ لە هەرێمى لۆمباردیا ى ئیتاڵیا ژمارەى توشبووان کەمیکردووە، ڕێنماییە تەندروستییەکان و هۆشیارییەکانى خۆپارێزى ڕۆڵێکى باشى لە پاراستنى گیانى مرۆڤەکاندا بینیووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەهۆى ڤایرۆسەکەوە لەتەواوى جیهاندا زیاتر لە ٣٤٩هەزار کەس تووشى پەتاکە بوون و لەو ژمارەیەش ١٦هەزار و ١٨کەس گیانیانلەدەستداوە و ٩٦ هەزار و ٦٦٥ کەسى دیکەش چاکبوونەتەوە.