سەردێڕ:

ده‌رمانی چاره‌سه‌ری مه‌لاریا چییه‌ و چارەسەری کۆرۆنا دەکات؟

فۆتۆ: 
2020-03-24

7602 جار خوێندراوەتەوە

ده‌رمانی هایدرۆکسی كلۆرۆكوین یه‌كێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌ پزیشكییه‌كان كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی ١٩٣٤ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و به‌ فه‌رمی له‌ ساڵی ١٩٥٠وه‌ به‌كاردێت بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی مه‌لاریا و ده‌توانرێت له‌ ڕێگه‌ی ده‌مه‌وه‌ وه‌ك كه‌بسول وه‌ربگیرێت یاخود له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تی قورسدا به‌ ده‌رزی ده‌درێت به‌ نه‌خۆشه‌كه‌.

 به‌ڵام دواتر له‌ هه‌ندێك وڵات ئه‌م ده‌رمانه‌ به‌كار نه‌ده‌هات چونكه‌ پێیان وابوو كه‌ مشەخۆری مه‌لاریا خۆی گۆڕیوه‌ و وای كردوه‌ كه‌ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ كاری تێ نه‌كات، به‌ڵام به‌ هۆی هه‌رزانییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی تردا به‌ كار ده‌هات و تا ئێستاش له‌ به‌رده‌ستدایه‌ و له‌ زۆربه‌ی ده‌رمانخانه‌كان به‌ نرخێكی هه‌رزان ده‌ست ده‌كه‌وێت.

ره‌نگه‌ كه‌سێك بپرسێت كه‌ بۆچی ئه‌م چاره‌سه‌ری مه‌لاریایه‌ وەک چارەسەرێکی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ كار دێت؟

كۆرۆنای كۆڤید ١٩ دوو لێکەوتەی هەیە كه‌ وا ده‌كات مرۆڤ گیان له‌ده‌ستبدات، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م هه‌وكردنی سییه‌كانه‌ و هەروەها به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌شی نه‌خۆشه‌كه‌یه‌.

وه‌ ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ی مه‌لاریایه‌ كه‌  (هایدرۆکسی كلۆركوین)ی ناوە، دوو كاری سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ پێشتر بۆ توشبوانی مه‌لاریا كه‌ بریتین له‌: (١-دابه‌زاندنی تای نه‌خۆشه‌كه‌ ، ٢- نه‌هێشتنی هه‌وكردن " ئیلتیهاب" لای نه‌خۆشه‌كه‌)، بۆیه‌ زانایان هه‌ر زوو كه‌وتنه‌ ئه‌نجامدانی تاقیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ده‌رمانه‌.

هه‌روه‌ها جگه‌ له‌و دوو كاره‌ سه‌ره‌كییه‌، به‌ گشتی سیسته‌می به‌رگری له‌شی نه‌خۆشه‌كه‌ش به‌هێز ده‌كات.

پرسیارێكی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا هیچ وڵاتێك هایدرۆکسی كلۆركوین به‌كار ده‌هێنن وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ كۆرۆنای نوێ؟

به‌ڵێ، له‌ ئێستادا به‌ فه‌رمی له‌ وڵاتی فه‌ره‌نسا چاره‌سه‌ری هایدرۆکسی كلۆرۆكوین بۆ توشبوانی كۆرۆنا به‌ كار دێت و ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ریشی هه‌بووه‌. هەروەها تاقیکردنەوەکان لە کۆریای باشور و چین کراون و ئەنجامی باشیان هەبووە.

رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/٢١ هەر یەکە لە وڵاتانی سوید و نەرویج دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی دەرمانەکەیان لەسەر تووشبووان راگەیاند.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی رایگه‌یاند كه‌ هه‌ر دوو چاره‌سه‌ری پزیشكی (هایدرۆكسی كلۆرۆكین و ئەزیسرۆمیسیلین) بۆ توشبوانی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ كار دێت، هه‌رچه‌نده‌ ئیداره‌ی خواردن و ده‌رمانی ئه‌مریكی ئه‌و ڕێپێدانه‌یان بۆ نه‌خۆشی مه‌لاریا راگه‌یاندوه‌ و تا ئێستا به‌ فه‌رمی راینه‌گەیاندووه‌ كه‌ ده‌توانرێت وه‌ك چاره‌سه‌ری كۆرۆنای نوێ به‌ كار بێت، به‌ڵام ئیداره‌كه‌ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتودا ئه‌نجامی كۆتایی راده‌گه‌ێنن.

بۆیه‌ له‌ ئێستادا له‌ جیهان چاوه‌كان له‌سه‌ر دوو ده‌رمانی (هایدرۆكسی كلۆرۆكین و ئەزیسرۆمیسیلین) تا بزانن به‌ كوێ ده‌گات و ئاخۆ ژیانی هاوڵاتییان رزگار ده‌كات له‌ ترس و مه‌رگی كۆرۆنای نوێ یاخود نا؟

هەروەها لە ڕۆژی یەکشەممەوە (٢٢ی ئازاری ٢٠٢٠) لە حەوت وڵاتی ئەوروپی تاقیکردنەوەی چوار دەرمانی پێشنیازکراو بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەستیپێکرد لەژێر ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و بە بەشداری ٣٢٠٠ نەخۆش.

دەزگای (ئینسیرم)ی فەرەنسی بۆ توێژینەوە پزیشکییەکان ڕایگەیاند کە دەرمانە پێشنیازکراوەکان بریتین لە (هایدرۆکسی کلۆرۆکوین) کە پێشتر بۆ مەلاریا بەکارهاتووە، هەروەها (ریمدیسیڤر) کە پێشتر بۆ ئیبۆلا بەکارهاتووە، (لوبنافیر) بە تێکەڵاوکردنی لەگەڵ (ریتوفانیر) کە دەتوانرێت لەگەڵ دەرمانی (ئینترفیون بیتا) بدرێت بە نەخۆش یان بە بێ ئەو.

ئەو دەرمانانە ساڵانێکی زۆر لە بازاڕ و نەخۆشخانەکاندا هەن، بۆیە مەترسی زۆریان نییە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ گەر لەژێر ڕێنمایی پزیشک بەکاربهێنرێت بۆیە لەسەر ئەو ژمارە زۆر لە نەخۆش تاقیدەکرێتەوە.

ئەو ٣٢٠٠ توشبووە لە وڵاتەکانی بەلجیکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، لوکسۆمبۆرگ، ئیسپانیا و هۆڵەندان.