سەردێڕ:

ئەو زانیارییانەی لەبارەی کۆرۆناوە دڵخۆشت دەکەن

فۆتۆ: 
2020-03-23

81307 جار خوێندراوەتەوە

ئایا بێزاربووی لە هەواڵی خراپ و ناخۆش لەبارەی کۆرۆناوە؟ لێرەدا ١٣ زانیاریمان بۆ داناون کە بێگومان دڵخۆشتان دەکات.

یەکەم، زاناکان خەمڵاندویانە کە ٩٩%ی ئەوانەی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن، چاکدەبنەوە و تەنانەت هەندێک توشبوو نیشانەکانیشیان تێدا گەشە ناکات.

دووەم، ئەگەرچی ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) گەیشتووەتە هەزاران، بەڵام هێشتا رێژەی گیانلەدەستدانەکان ١% و ئەوەش کەمترە لە رادەی بکوژی ڤایرۆسی کۆرۆنای سارس کە ٢٠٠٣ بڵاوبوویەوە و ١١%ی توشبووانی دەکوشت، کەمتریشە لە ئیبۆلا کە  ٩٠%ی توشبووانی کوشتووە.

سێیەم، تێبینیکراوە کە منداڵان کەمتر توشدەبن و کەمتر پێی نەخۆش دەکەون.

چوارەم، هەموو جیهان ئاگادارە لەم دۆخەی کە روودەدات، لەبەرئەوە حکومەتەکانی وڵاتان بە جددی شەڕ لە دژی ڤایرۆسەکە دەکەن و هەمووان پێکەوەن.

پێنجەم، زاناکان ئاشکرایانکردووە کە ڤایرۆسەکە چۆن توشی کەسێک دەبێت و ئەوەش، هاوکاریی پەرەپێدانی دەرمانی چارەسەریی دەدات.

شەشەم، وڵاتان پێشبڕکێ دەکەن بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ کۆرۆنا و ئەوەش، مانای زوو بە ئەنجام گەیشتن دەگەیەنێت.

حەوتەم، بە گوێرەی ئارتورۆ کاسادێڤڵ، پرۆفیسۆری بواری مایکرۆبایۆلۆجی و توێژەر لە سیستمی بەرگری مرۆڤدا لە زانکۆی جۆن هۆپکینس، دەکرێت سود لە سیستمی بەرگری ئەو کەسانەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان گرتووە و چاکبوونەتەوە بۆ توشبووی نوێ ببینرێت.

هەشتەم، دوو توێژەری ئوستراڵی خەریکی تاقیکردنەوەی دەرمانێکی چارەسەرین بۆ کۆرۆنا و دەڵێن چۆنێتی جەنگانی سیستمی بەرگری لەشیان لە دژی ڤایرۆسەکە دۆزیوەتەوە و توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی زانستی نەیچەردا بڵاوبووەتەوە.

نۆیەم، دەرمانێکی ژاپۆنی بەناوی (favipiravir) کاریگەریی باشی لەسەر چاکبوونەوەی نەخۆشەکان نیشانداوە و لە وهان و شانژین تاقیکراوەتەوە.

دەیەم، کۆمپانیای کیوەرڤاکی ئەڵمانی کە ٢٠ ساڵ ئەزمونی لە دەرمانسازییدا هەیە، رایگەیاند، لە هاویندا ڤاکسینەکەی ئامادە دەبێت و دەتوانێت لە ٢٠٠ ملیۆنەوە بۆ ٤٠٠ ملیۆن ڤاکسین دروستبکات و بەرهەمەکانی بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەبێت.

یانزەیەم، چین خەریکی تاقیکردنەوەی پێنج ڤاکسینی جیاوازە و دەڵێت لە مانگی چواردا ڤاکسین ئامادە دەبێت.

دوانزەیەم، تەندروستی ئەڵمانیا و فەرەنسا باس لە کاریگەربوونی دەرمانی کلۆرۆکوین دەکەن کە دەرمانێکی دژە مەلاریایە و دەڵێن چەندین نەخۆش پێی چاکبوونەتەوە. هەربۆیە تا ئامادەبوونی دەرمانی چارەسەریی و ڤاکسین، دەکرێت ئەو دەرمانە، کە لە هەرێمی کوردستانیشدا هەیە، بەکاربهێندرێت.

سیانزەیەم، دەرمانی ریمیسڤیری ئەمریکی لە قۆناغەکانی کۆتایی تاقیکردنەوەدایە و شارەزایان دەڵێن کاریگەرێتی دەرمانەکە لەسەر توشبووەکان سەلمێندراوە.

هـ.ب