سەردێڕ:

کۆریای باشور چۆن بەبێ قەدەغەی هاتوچۆ توانی کۆنتڕۆڵی کۆرۆنا بکات؟

فۆتۆ: 
2020-03-23

24509 جار خوێندراوەتەوە

کۆریای باشور  یەکێکە لەو دەوڵاتانەی جیھان، که زۆرترین رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە، کەچی تا دێت ئاستی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەش کەمدەبێتەوە، لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتان رێژەی تووشبوون بە شێوەیەکی ترسناک، روو لە ھەڵکشانە، بەمەش ھەموو جیھانی تووشی سەرسوڕمان کردووە.

کۆریا شانازی بە دەستنیشانکردنی زۆرترین تووشبووەوە دەکات، چونکە تۆمارکردنی زۆرترین حاڵەت، واتە تۆمارکردن و ناسینی زۆرترین ژمارەی ھەڵگر، کە ئەمەش یەکەم و گرنگترین قۆناغی کۆنترۆڵکردن و چارەسەرە.

تۆمارکردنی کەمترین حاڵەت لە وڵاتێکدا (بۆ نموونە ھەرێم)، کاتێک دڵخۆشکەرە کە زۆرترین پشکنین ئەنجامدرابێت، کەمیی پشکنین لە ھەرێم، وا دەکات تۆمارکردنی حاڵەتی کەم دڵخۆشمان نەکات، چونکە کەمیی حاڵەتی تۆمارکراو، مانای کەمیی ژمارەی ھەڵگر و تووشبووان نییە.

مۆدێلی کۆریای باشور

رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە وڵاتانی دونیای وت؛ (پشکنین پشکنین پشکنین). ئەگەری زۆرە رێکخراوەکە، ئەم رێنماییەی لەسەر بنەمای مۆدێلی کۆریا وەرگرتبێت، چونکە (پشکنین)، دروشم و چەکی کۆرییەکانە بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا.

کۆریا چیکرد؟

کۆریای باشور بەبێ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، بەبێ کەرەنتینکردنی شارەکان و بەبێ راگەیاندنی باری نائاسایی، توانی کۆنترۆڵی ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات و رێژەی مردووانیش دابەزێنێت.

یەکەم میکانیزمی پەیڕەوکراو لە کۆریا، ئەنجامدانی پشکنینە بۆ زۆرترین ژمارەی گومانلێکراوان و ھەرکەسێک کەمترین گومانی لێبکرێت.

دوای ئەوەی کۆڤید-١٩ لە چین سەریھەڵدا، حکومەتی کۆریا بەبێ وەستان و چاوەڕوانی، لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکاندا بۆ گەشەپێدان و ئامادەکردنی (کیتی) نوێ کۆبووەوە.

کاتێک لە ٧ی شوباتدا، چەند حاڵەتێکی کەم لە کۆریا ھەبوو، کیتەکان ئامادەکران و بۆ ناوەندەکانی پشکنین نێردران، بەھۆی ئەم کیتانەوە، توانرا تەنھا لە ماوەی ١٢ رۆژدا، ٢٩٠٠ حاڵەتی کۆرۆنا دەستنیشان بکرێت و بخرێنە ژێر چاودێرییەوە.

ناوەندی رێگریی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی کۆریا، تەنھا لە ٢٩ی شوباتدا، توانی ٩٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا دەستنیشان بکات.

لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠دا رۆژانە ٩٠٩ حاڵەت ھەبووە، بەڵام لە ١٧ی ئازاردا رێژەی تووشبووانی رۆژانە بۆ ٧٤ کەس ھێنرایە خوارەوە، ھۆکاری سەرەکی ئەم کەمبوونەوەیەش، زۆریی ژمارەی پشکنین بوو لە وڵاتدا.

رۆژانە لە ٤٣ ناوەنددا، ١٥ ھەزار کەس پشکنینیان بۆ دەکرێت، تاکو ئێستا ٢٧٠ ھەزار ھاوڵاتی کۆری، پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ ئەنجامدراوە، واتەی لە ھەر ملیۆن کەسێک، پێنج ھەزار و ٢٠٠ کەس پشکنینیان بۆ کراوە.

حکومەتی کۆریا، چەند پرۆگرامێکی سازکرد و بۆ خەڵکی بڵاوکردەوە، بۆ نموونە (لە رێگەی تەلەفۆنەکانیانەوە)، تاکو ھەر گومانێکیان لە تەندروستییان ھەبێت، بە زوترین کات، پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت.

کەرەنتین لە کۆریای باشور

ئەوکەسانەی نیشانەکانیان تێدا دەرنەکەوتووە و گومانیان لێدەکرێت، داوایان لێدەکرێت دوو ھەفتە خۆیان کەنارگیر بکەن و بەردەوام و بە شێوەیەکی رێکخراو، پشکنینی پلەی گەرمیی ئەنجامبدەن.

ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت، لەلایەن تیمە دروستکراوەکانەوە لە گەڕەکەکاندا، رۆژانە دوو جار پشکنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەھێڵدرێنەوە.

لە ھەرێمی کوردستان نابێت شانازی بە کەمیی حاڵەتی تۆمارکراو بکرێت، دەبێت ھەوڵ بدرێت زۆرترین پشکنین بکرێت، دوای پشکنین ئەگەر حاڵەت کەمبوو ئەو کاتە، کاتی شانازییە، ئەوەشی سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ھەموو جارێک دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر تووشبوو ھەیە و تۆمارنەکراون، دانپێدانێکی باشە، لەوە باشتر، ئەنجامدانی زۆرترین پشکنینە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە، وەک رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەڵێت؛ پشکنین پشکنین پشکنین.

‌بەپەلە