سەردێڕ:

​جەنگێکى زیرەکانە.. زاناکان چۆن بەدواى چارەسەرى کۆرۆنادا دەگەڕێن؟

فۆتۆ: 
2020-03-22

20010 جار خوێندراوەتەوە

زاناکانى بوارى دەرمانسازى و چارەسەر چەند ڕێگایەکى خێرایان بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى کۆرۆنا گرتووەتەبەر، لەوانەش تاقیکردنەوەى ئەو دەرمانانەى کە لە ئێستادا بەردەستن لەبرى دروستکردنى دەرمانێکى نوێ بۆ ڤایرۆسە نوێکە.

سکاى نیوز بڵاویکردووەتەوە، زاناکانى بوارى دەرمانسازى رایانگەیاندووە، لەبەر ئەوەى کۆرۆنا ڤایرۆسێکى نوێیە، بۆیە ڕەنگە دروستکردنى دەرمانێکى نوی بۆ ئەو ڤایرۆسە پێویستى بە چەند مانگێک یاخود چەند ساڵێک هەبێت، زۆرى ژمارەى توشبووان و خێرایى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایروسەکەش ڕێگەیان پێنادات ئەو ماوە درێژە چاوەڕوانبن.

بەپێى هەواڵى ئەو ماڵپەرە بەریتانییە، لەئێستادا تیمێکى زانستى کە لە ٢٢ لێکۆڵەرەوەى بوارى دەرمان و چارەسەر لە پەیمانگاى QBIى سەر بە زانکۆى کالیفۆرنیا پێکهاتووە، پەنایان بۆ چەند ڕێگەیەکى خێرا بردووە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى کۆرۆنا، لەوانەش دۆزینەوەى ڕێگاکانى تێکشکاندنى پرۆتینى ڤایرۆسەکە، تیمەکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ڤایرۆسەکە بەراورد بە خانەکانى مرۆڤ زۆر بچووکە، بەجۆرێک ڤایرۆسەکە ٣٠ پرۆتینى هەیە و خانەى مرۆڤ ٢٠ هەزار پرۆتینى هەیە، بەڵام پرۆتینى ڤایرۆسەکە کار لەسەر ئەوە دەکات پرۆتینى خانەکانى لەشى مرۆڤ دەکاتە دوژمنى مرۆڤەکە و کارلێکى لەگەڵ دەکات و بۆ پرۆتینى زیانبەخش دەیگۆڕێت، بەجۆرێک دەیکاتە شوێنى گەشەکردنى خۆى و زۆربوونى.

لەئێستاشدا ئەو زانایانە کار بۆ تێکشکاندنى کارى پرۆتینى ڤایرۆسەکە دەکەن، بۆ ئەوەش تائێستا دەرمانى Remdesivir بەکاردەهێندرێت.

ڕێگەیەکى دیکەى تیمەکە بۆ دۆزینەوەى چارەسەر، زانینى پلانى ڤایرۆسەکەیە.

نيڤان كروگان کە سەرۆکى پەیمانگا ئەمریکییەکەیە و یەکێکە لەو تیمە زانستییەى کە هەفتانە حەوت ڕۆژ و بە درێژایى ڕۆژەکە کار بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى کۆرۆنا دەکەن دەڵێت، بۆ تێکشکاندنى کارى پرۆتینى ڤایرۆسەکە پێویستیان بەوەیە بزانن کامجۆر لە پرۆتینەکانى خانەى مرۆڤ دەبێتە چەکى دەستى ڤایرۆسەکە و بۆ زۆربوونى ژمارەى خۆى سودى لێوەردەگرێت و لە ڕێگەى ئەو پرۆتینەوە دەچێتە ناو خانەکەوە و خانەکە دەکوژێت، کوشتنى خانەکان و زۆربوونى خانە مردووەکانیش دەبێتە هۆى هەوکردن و بەو جۆرە تەندروستى کەسەکە و کردەى هناسەدان تێکدەچن، بە وتەى کروگان لە ٢ى ئەم مانگەوە ئەو جۆرە پرۆتینەیان دۆزیوەتەوە کە ڤایرۆسەکە سودى لێوەردەگرێت و لە ئێستادا لە قۆناغى دواتردان.

دواى دەستنیشانکردن و دۆزینەوەى پلانى ڤایرۆسەکە لە چوونە ناو خانەکانى مرۆڤەوە و شێوازى زۆربوونى، ئێستا کار لەسەر هێرشکردنە سەر ڤایرۆسەکە دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژە بەوەکراوە، لەبرى دروستکردنى چارەسەرێکى نوێ بۆ لەناوبردنى ڤایرۆسەکە، لەئێستادا کار لەسەر تاقیکردنەوەى دەرمانە بەردەستەکان دەکەن کە پێشتر بەکارهێنراون تا بزانن کام لەوانە کاریگەرترینە لەسەر ڤایرۆسەکە، بۆ ئەو مەبەستەش ٢٠ هەزار دەرمان بۆ تاقیکردنەوە دەستنیشانکراون.

قۆناغى کۆتاییش لەلایەن ئەو تیمە تایبەتمەندەوە بە بڵاوکردنەوەى هێز بە گۆڕەپانى جەنگەکەدا ناوبراوە، تیمەکە دەڵێن، لە ماوەیەکى کورتدا ئەنجامى سەرکەوتنى کارەکەیان بڵاودەکەنەوە و لەئێستادا ٥٠ جۆر دەرمانیان دیاریکردووە کە گەشە و خێرایى ڤایرۆسەکە هێواشدەکەنەوە، بەوەش ئومێدى زۆریان هەیە کە بتوانن چارەسەرێکى یەکجارەکیان بۆ کۆرۆناى نوێ ناسراو بە کۆڤید ١٩ دەستبکەوێت و بیگەیەنن بە نەخۆشەکانى ئەو ڤایرۆسە