سەردێڕ:

​​پێشتر سی ئای ئەی لە بارەی کۆرۆناوە چی بە ترەمپ وتووە؟

فۆتۆ: 
2020-03-21

26304 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەوەی ئاشکرا کردووە، لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ترەمپی ئاگادارکردووەتەوە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە پەتایەکی جیهانی، بەڵام ترەمپ بایەخی بۆ دانەناوە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست رایگەیاندووە، ترەمپ و دوو یاسادانەری ئەمریکی دیکەش کەمتەرخەمیان لەبارەی ئەو ئاگادارکردنەوەیەوە نواندووە، شکستیشیان هێناوە لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەزگای هەواڵگری ئەمریکی، هیچ کاتێکیان بۆ ئەوە دیارینەکردبوو کەی ئەو ڤایرۆسە دەگاتە ئەمریکا و تەشەنە دەستێنێت، لە کاتێکدا ئەو ڤایرۆسە لە چین و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهان لە کۆنتڕۆڵ دەرچووبوو.

دەزگای هەواڵگری پێشبینی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیان کردبوو، هۆشداری ئەوەشیان دابوو کە دەسەڵاتدارانی چین دەیانەوێت کاریگەرییە توندەکانی ڤایرۆسەکە کەمبکەنەوە، هەر بۆیەش بەهۆکاری تەندروستی زانیاری ورد و تەواو لەسەر ڤایرۆسەکە نادەن بە دەستەوە.

لە پێشووشدا، ترەمپ باسی لە ڕۆڵی ئیدارەکەی خۆی کردبوو لە روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەوەی چەند بڕیارێکی خێرایان دابوو دەربارەی هاتە ناوەوەی چینییەکان و سەردانکردنی وڵاتانی ئاسیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڤایرۆسەکە گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەشێوەیەکی خێراش بڵاوبووەوە.

لەو بارەیەوە بەرپرسێک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت رایگەیاندووە، "لەوانەیە ترەمپ پێشبینی ئەوەى نەکردبێت دۆخەکە وایلێبێت، بەڵام بەرپرسانی دیکە لە حکومەت دەیانزانی ئەو دۆخە بەرەو خراپی دەڕوات و نەیاندەتوانی وا لە دۆناڵد ترەمپ بکەن بە ئەنجامدانی هەندێک رێوشوێنی پێویست هەڵبستێت".

لە لایەکی دیکەشەوە، وتەبێژی فەرمی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ترەمپ رێوشوێنی توند و مێژوویی بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر، کە ئەوەشی لە پێناو پاراستنی تەندروستی ئەمریکییەکان کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئەمریکا، تا ئێستا ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە هەموو ویلایەتەکان و بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٧٧ کەس و توشبوونی ١٩ هەزار و ٨٧١ کەس بە ڤایرۆسەکە.

هـ.ئـ